رووداو دیجیتاڵ
کاسپەر شمایکڵ، گۆڵپارێزی دانیمارکی و ئەفسانەی پێشووی یانەی لێستەر سیتی، لە تەمەنی 39 ساڵیدا و بەهۆی پێکانێکی سەخت لە شانیدا، بە یەکجاری ماڵئاوایی لە یاریگاکان کرد.
شمایکڵ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی 'TV 2 Sport'ـی دانیمارکی، پەردەی لەسەر بڕیارە قورسەکە لادا و رایگەیاند "گرێبەستەکەم لەگەڵ یانەی سێڵتیک لە مانگی شەشی داهاتوو کۆتایی دێت، واز لە یاریکردن دەهێنم. دوای راوێژکردن لەگەڵ چەندین پزیشکی پسپۆڕ سەبارەت بە پێکانەکەی شانم، پێیان راگەیاندم کە ناتوانم جارێکی دیکە لە بەرزترین ئاستدا کێبڕکێ بکەمەوە. بۆیە پێموایە ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ رۆیشتن."
ئەو پیاوەی مێژووی بۆ رێوییەکان نووسییەوە کاسپەر شمایکڵ، تەنیا گۆڵپارێزێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو یەکێک بوو لەوانەی گەورەترین پەرچووی مێژووی پرێمەرلیگیان تۆمار کرد. ئەو لەگەڵ یانەی لێستەر سیتی توانی ئەستەمەکان بشکێنێت و ئەم دەستکەوتە مێژووییانە بەدەستبهێنێت:
- پرێمەرلیگ (2015-2016).
- جامی ئێف ئەی کەپ (2020-2021)
- قەڵخانی ئینگلیزی (2021)
- چامپیۆنشیپ (2013-2014)
پاش بەجێهێشتنی لێستەر سیتی، شمایکڵ لە وێستگەکانی نیس لە فەرەنسا و ئاندەرلەخت لە بەلجیکا بەردەوام بوو، تاوەکو دواجار پەیوەندی بە سێڵتیکی سکۆتلەندییەوە کرد.
هەرچەندە پێکانەکەی رێگەی نەدا لە دوایین یارییەکانی ئەم وەرزەدا یاریی بکات، بەڵام بە نازناوی خولی سکۆتلەندی بۆ ئەم وەرزە، ماڵئاوایی لە لاکێشە سەوزەکان کرد.
شمایکڵ کە زیاتر لە 100 یاری نێودەوڵەتی بۆ هەڵبژاردەی دانیمارک ئەنجامداوە، وەک یەکێک لە سەرکەوتووترین گۆڵپارێزەکانی سەردەمی نوێ ناوی لە مێژوودا دەمێنێتەوە، وەک چۆن باوکی (پیتەر شمایکڵ) پێشتر مێژوویەکی گەورەی تۆمار کردبوو.
