رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕی 37ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی دهۆک لە یاریگای خۆی میوانداریی یانەی کارەبای کرد. یارییەکە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، بەڵام پەرژینەکانی یاریگای دهۆک بەهۆی سزاوە چۆڵبوون و یارییەکە بێ دەنگێکی بەڕێوەچوو.
سزادانی یانەی دهۆک لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقەوە، بۆ ئەو شەڕ و ئاژاوەیە دەگەڕێتەوە لە یاریی پێشووی یانەکە بەرامبەر یانەی موسڵ روویدابوو، بەو هۆیەوە بڕیاری یاریی بێ هاندەر بۆ دهۆک دەرچوو.
لە رووی هونەرییەوە، یانەی کارەبا لە سەرەتاوە گوشاری دروستکرد و لە خولەکی 15ـدا یانیک زاکیری، یاریزانی پێشووی دهۆک توانی گۆڵی یەکەم بۆ یانەی میوان تۆماربکات، لە خولەکی 80ـی یارییەکە سیابەند عەگید بە لێدانی سزا ئەنجامەکەی بۆ دهۆک یەکسانکردەوە، بەڵام زۆری نەبرد و لە کاتی زیادکراوەی یارییەکە خادم رەول گۆڵی دووەم و بردنەوەی بۆ کارەبا تۆمارکرد، لە یارییەکەدا ئەحمەد بەشاری گۆڵپارێزی دهۆک ئاستێکی بەرزی پێشکێش کرد، بەڵام یانەکە نەیتوانی ئەنجامەکە لە بەرژەوەندی خۆی پێچەوانە بکاتەوە و یارییەکە بە ئەنجامی 1-2 بۆ کارەبا کۆتاییهات.
ئەم بردنەوەیە بۆ یانەی کارەبا گرنگی خۆی هەبوو لەبەر ئەوەی لە پلەکانی خوارەوەی ریزبەندی بوو بەڵام ئێستا مانەوەیان لە خولەکە مۆسگەر کرد، دهۆکیش بەم شکستە سێ خاڵی گرنگی لەدەستدا و لە پلەی دەیەمی ریزبەندی مایەوە.
.jpg&w=3840&q=75)