رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بە فەرمی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یارییەکانی جامی عێراقی بۆ ئەم وەرزە دا. بڕیارەکە دوای پابەندبوونی هەڵبژاردەی نیشتمانی بە یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیال و کەمپی راهێنانی هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی لە تورکیا هات، هاوکات یەکێتییەکە پلانی بۆ ئەنجامدانی پاڵەوانێتییەکی سوپەری نوێ بۆ وەرزی داهاتوو ئاشکرا کرد.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق سوپاسی هاندەرانی وەرزشی و هەموو یانە بەشداربووەکانی کرد بۆ ئەو هاوکارییە گەورە و گیانە نیشتمانییە بەرزەی لەم وەرزەدا نیشانیاندا. ئەم پاڵپشتییە کاریگەری زۆری لەسەر سەرکەوتنی پاڵەوانێتییەکان هەبووە سەرەڕای ناڕێکی خشتەی کاتیی یارییەکان و پابەندییە بەردەوامەکان.
فیدراسیۆنەکە لە پێناو دابینکردنی باشترین بارودۆخ بۆ ئامادەکردنی هەڵبژاردە نیشتمانییەکان، بڕیاری دا جامی عێراق بۆ ئەم وەرزە تەواونەکرێت. هۆکاری ئەم هەنگاوە بۆ بەشداریکردنی هەڵبژاردەی عێراق لە یارییەکانی مۆندیال و ئەنجامدانی کەمپی راهێنانی هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی لە وڵاتی تورکیا دەگەڕێتەوە، چونکە پێویست دەکات زۆربەی یاریزانان لە ماوەی داهاتوودا ئامادەبن.
فیدراسیۆنەکە دەیەوێت وەرزی داهاتوو بە شێوازێکی نوێ دەستپێبکات و گۆڕانکاری لە پاڵەوانێتییە ناوخۆییەکاندا بکات. بڕیارە پاڵەوانێتییەکی "سوپەر"ی نوێ بە سیستمێکی جیاواز رابگەیێندرێت. ئەمەش دەبێتە دەستپێکێکی ناوازە بۆ وەرزی و لەگەڵ پلانەکانی گەشەپێدان و رێکخستنی پیشەگەرانەی رکابەرییەکان دەگونجێت.
