رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان، کەسێک کە لە قۆناخی جیابوونەوەدا بوو لە هاوژینەکەی، بە چەک هێرشیکردە سەر ماڵی خێزانی هاوژینەکەی؛ لە ئەنجامدا چوار ئەندامی یەک خێزانی کوشت. دواتر بە هەمان چەک هەوڵی خۆکوشتنی دا و بە سەختی بریندار بوو.
رووداوەکە بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 14ی حوزەیرانی 2026 لە گەڕەکی بێشەندرۆخ لە شارۆچکەی شەمزینان روویداوە.
بەپێی زانیارییەکان، عەریفێک بەناوی موسا گەزەر کە لە قۆناخی جیابوونەوەدا بووە لە گولشەن گەزەری هاوژینی، بە چەک تەقەی لە هاوژینەکەی، برای هاوژینەکەی، خەسوو و خوشکی هاوژینەکەی کرد و هەر چواریانی کوشت. دواتر بە هەمان چەک هەوڵی خۆکوشتنی دا و بە سەختی بریندار بوو.
دوای بیستنی دەنگی تەقە، دانیشتووانی گەڕەکەکە لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ئاگادار کردەوە و ژمارەیەکی زۆر جەندرمە و تیمی تەندروستی رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.
تیمە تەندروستییەکان دوای پشکنینی سەرەتایی رایانگەیاند، چوار کەس لە شوێنی رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە. عەریفەکەش کە گوایە دوای ئەوەی هەوڵی خۆکوشتنی داوە، بە سەختی بریندار بووە و بە ئەمبوڵانس گوێزراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی دەوڵەت لە شەمزینان.
بەگوێرەی زانیارییەکان، تەندروستیی عەریفەکە ناجێگیرە و لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.
تەرمی ئەو چوار کەسەی گیانیان لەدەستداوە، بە مەبەستی توێکاری رەوانەی دادپزیشكیی نەخۆشخانەکە کران.
دوای رووداوەکە کە شەمزینانی تاساند، هێزە ئەمنییەکان گەڕەکی بێشەندرۆخیان گەمارۆ دا و لێکۆڵینەوەیەکی ورد و فرەلایەنیان دەستپێکردووە. لێکۆڵینەوەکان لەبارەی عەریفەکە و هۆکاری سەرەکیی رووداوەکە بەردەوامن.
