رووداو دیجیتاڵ بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایدەگەیێنێت، پڕۆسەی وردبینیکردنی ناوی فەرمانبەران بۆ وەرگرتنی زەوی گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی و نزیکەی 95%ـی ناوەکان گەڕاونەتەوە. دەشڵێت، فەرمانبەرانی گرێبەستیش زەوی وەردەگرن. ئەندازیار خەسرۆ ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ئیدارەی سۆران، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "مژار"ی رادیۆی رووداو رایگەیاند: "لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان، کە پێنج قەزا و 22 شارەوانی لەخۆدەگرێت، نزیکەی 25 هەزار فەرمانبەر مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە. تاوەکو ئێستا 95%ی ناوەکان گەڕاونەتەوە و وردبینییان بۆ کراوە." سەبارەت بە هەنگاوە پراکتیکییەکانی پڕۆسەکە، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای شاخاویبوونی ناوچەکە و گرفتی تۆپۆگرافی، نەخشەی کەرتی بۆ چەندین ناوچە ئامادەکراوە. گوتیشی: "لە قۆناخی یەکەمدا 530 پارچە زەویمان لە رواندز دابەش کردووە؛ لە چۆمانیش نەخشەی کەرتی بۆ 1400 پارچە زەوی ئامادەکراوە، هەروەها سبەی دووشەممە قۆناخی نوێی دابەشکردنی زەوی لە قەزای خەلیفان دەستپێدەکات." خەسرۆ ئیسماعیل مژدەی بە فەرمانبەرانی گرێبەست دا و گوتی: "بڕیاری دابەشکردنی زەوی فەرمانبەرانی گرێبەستیش دەگرێتەوە؛ ئێستا لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی ناوەکانیانداین و بەهۆی ئەوانیشەوە ژمارەی سوودمەندبووان لە 25 هەزار کەس زیاتر دەبێت." بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران روونیکردەوە کە بەهۆی زۆریی ژمارەی داواکارییەکان و نەبوونی زەوی پێویست، دابەشکردنەکە بەپێی سیستمی خاڵبەندی و ساڵانی خزمەت دەبێت بۆ ئەوەی دادپەروەری پەیڕەو بکرێت.