رووداو دیجیتاڵ بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی دانەوێڵەی هەولێر، لە ماوەی سێ رۆژدا نزیکەی 5 هەزار تۆن گەنمیان لە جووتیاران وەرگرتووە و بڕیاریشە زیاتر لە 60 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی دیبەگە و گوێڕ وەربگرن. میران بەختیار، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران لە سایلۆکانی هەولێر زۆر بەخێرایی بەڕێوەدەچێت و هەموو کارەکان لە کەمتر لە کاژێرێکدا تەواو دەبێت. میران بەختیار گوتیشی، "دوای ساڵی 2024، ئامانجی سەرەکیی ئێمە لە سایلۆکانی هەولێر، خێرایی لە راپەڕاندنی کارەکانی جووتیارانە، بۆیە جووتیار هەر رۆژێک گەنمەکەی بهێنێت، هەر لە هەمان رۆژدا رادەستی دەکات، ئەمەش پێچەوانەی ساڵانی رابردووە کە جووتیاران 15 بۆ 20 رۆژ لە نۆرەدا دەمانەوە". سەبارەت بە ئەم ساڵ، ئەو بەرپرسە باسی لە سیستمێکی نوێی ئەلیکترۆنی کرد کە لەلایەن بەغداوە سەپێندراوە و بووەتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگ. بەگوێرەی سیستمەکە، جووتیاران دەبێت لە رێگەی ئۆنلاینەوە و بە بەکارهێنانی تێلیگرام ناوی خۆیان تۆمار بکەن و رۆژێکی دیاریکراویان بۆ دادەنرێت. کێشەی سەرەکیی سیستمەکە ئەوەیە کە درەنگ راگەیێندراوە و بووەتە هۆی ئەوەی جووتیاران بە باشی سەری لێدەرنەکەن و پرۆسەی هێنانی گەنم بۆ سایلۆکان دوابکەوێت. میران بەختیار، باسی لە قۆناخەکانی ناو سایلۆ کرد و گوتی: "پشکنینی گەنمەکە لەوانەیە تەنیا 5 خولەک بخایێنێت، دواتر دەچێتە سەر تەرازوو و پاشان بەتاڵکردن. بە گشتی لە کاژێرێکدا کارەکانی 4 بۆ 5 ئۆتۆمبێل تەواو دەکەین. دەتوانین بڵێین کارەکانی جووتیاران لە کەمتر لە کاژێرێکدا تەواو دەبێت". لەبارەی کواڵیتیی گەنمی ئەم ساڵەوە، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی هەولێر دەڵێت، هێندە باش بووە، تاوەکو ئێستا تەنیا دوو بارهەڵگر گەنمیان رەتکردووەتەوە و ئەوانەی دیکەیان هەموو وەرگرتوون.