رووداو دیجیتاڵ
لە شاری زاخۆ، یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی تایبەت بە "ژیریی دەستکرد لە ئەندازیاریدا" بە بەشداریی پسپۆڕان و مامۆستایانی چەندین زانکۆی ناوخۆیی و بیانی دەستیپێکرد، کە تێیدا ئاڵنگاری و دەرفەتەکانی ئەو تەکنەلۆژیا نوێیە لەسەر کەرتی ئەندازیاری تاوتوێ دەکرێن.
رۆژی چوارشەممە، 17ـی حوزەیرانی 2026، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە پسپۆڕان و توێژەران، کۆنفرانسەکە لەلایەن زانکۆی زاخۆ و بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆکانی (شرنەخ، سۆران، پۆلیتەکنیکی دهۆک و ئاکرێ) دەستیپێکرد و بڕیارە دوو رۆژ بەردەوام بێت. ئامانجی سەرەکیی کۆنفرانسەکە خستنەڕووی نوێترین توێژینەوەکانە لەسەر کاریگەرییەکانی ژیریی دەستکرد لەسەر ئەندازیاری بە گشتی و تەلارسازی بەتایبەتی.
دیندار شەمسەدین، یەکێک لە رێکخەرانی کۆنفرانسەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئامانجمان لەم کۆنفرانسە دیاریکردنی کاریگەری و مەترسییەکانی ژیریی دەستکردە لەسەر داهاتووی ئەندازیاری."
ئەو رێکخەرەی کۆنفرانسەکە جەختی لە گرنگیی خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانە کردەوە و گوتی: "ئەگەر ئێمە داهێنەری ژیریی دەستکردیش نەبین، پێویستە لە رێگەی زانست، کولتوور، زمان و پڕۆگرامی تایبەتەوە یاسای بۆ دابنێین، چونکە داهاتوومان بەستراوەتەوە بەو پێشکەوتنە جیهانییانەوە."
سەبارەت بە ئاستی زانستیی کۆنفرانسەکە، دیندار شەمسەدین ئاماژەی بەوە کرد کە 67 توێژینەوە پێشکێش کرابوون، بەڵام دوای هەڵسەنگاندن، تەنیا 27 توێژینەوە وەرگیران. باسی لەوەش کرد کە لە رۆژی یەکەمدا 10 توێژینەوە لە دوو هۆڵی جیاوازدا پێشکێش کران، بڕیاریشە لە رۆژی دووەمدا 17 توێژینەوەکەی دیکە بخرێنە ڕوو.
رێکخەرانی کۆنفرانسەکە هیوا دەخوازن مامۆستایان و خوێندکارانی خوێندنی باڵا سوودێکی زانستیی باش لەم چالاکییە وەربگرن بۆ ئەوەی هاوشانی وڵاتانی پێشکەوتوو هەنگاو بنێن. بڕیاریشە دوای کۆتاییهاتنی کۆنفرانسەکە، تەواوی توێژینەوە وەرگیراوەکان لە چوارچێوەی کتێبێکدا چاپ و بڵاو بکرێنەوە، تاوەکو ببێتە سەرچاوە بۆ نەوەکانی داهاتوو و خوێندکارانی زانکۆ.