رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی بەهۆی جەنگەوە بژێوی هەزاران خێزان لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە کاری کۆڵبەرییان لە دەروازەی حاجی ئۆمەران دەکرد راوەستا، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران دەڵێت، "لە شەممەوە دەستپێدەکاتەوە".
لە سەرەتای حوزەیرانی ساڵی 2025ـەوە زیاتر لە 10 هەزار دانیشتووی ناوچە سنوورییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە کارتی کۆڵبەرییان بۆ کرا و بەشێوەیەکی فەرمی هاتووچۆیان دەکرد، بەڵام لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، کاری کۆڵبەری راگیرا.
لە پارێزگای هەولێر، رێگەی سەرەکیی هاتووچۆی کۆڵبەریی فەرمی، دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
عەبدوڵڵا مەحموود، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە رێگر نەبووین لە کۆڵبەری و ئێران خۆی رایگرتبوو، بەڵام دەمانەوێ بە شێوەیەکی رێکخراوتر دەستپێبکاتەوە".
بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران گوتی: "دوێنێ ئێران رێگەی بە ژمارەیەک کۆڵبەردا هاتووچۆ بکەنەوە، بەو کەسانەی کە مۆڵەتیان هەبووە بە گوێرەی رێنماییەکان کار بکەن".
عەبدوڵڵا مەحموود گوتی: "سبەی هەینییە و لە ئێران پشووی فەرمییە، بڕیارە لە شەممەوە رۆژانە 500 کۆڵبەر بە دەروازەکەدا هاتووچۆ بکەن، ئەوانەی کە رێگەپێدانیان هەیە بە گوێرەی بڕیارەکانی ئێران دەتوانن دەستبەکار بکەنەوە".
لەبارەی ئەو کەرەستانەی کۆڵبەران دەیبەن، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران گوتی: "کەرەستەی جۆراجۆر زۆر دەبەن، دیارترینیان قوماشە، بەگوێرەی رێنماییەکان ئێمەش رێگە بە بردنی کەرەستەکان دەدەین".
بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئێران کە کۆتایی شووباتی ئەم ساڵ دەستیپێکرد، کاری کۆڵبەری لەو دەروازەیەی هەرێمی کوردستان وەستابوو.
