رووداو دیجیتاڵ
قوتابیانی پۆلی 12ی پیشەیی لە سنووری خانەقین ئاماژە بە بوونی هەڵەیەک لە پرسیارەکانی وانەی زانستە پیشەسازییەکان دەکەن و داوا دەکەن مافەکانیان نەفەوتێت. بەڕێوەبەری پەروەردەی خانەقینیش دەڵێت: "هەر پرسیارێک هەڵە بێت، نمرەکەی بۆ قوتابیان هەژمار دەکرێت."
عەلی ئیسلام حوسێن، قوتابی پۆلی 12ی پیشەیی بەشی کۆمپیوتەر لە خانەقین، بە رووداوی راگەیاند: "لە وانەی زانستە پیشەسازییەکان، پرسیاری حەوتەم هەڵەیە و هیچ کام لە بژاردەکان وەک وەڵامی راست دانەنراون. ئێمە لە کاتی تاقیکردنەوەکەدا ئەم تێبینییەمان بە بەڕێوەبەری هۆڵەکە گوتووە، بەڵام چاوەڕێی بڕیاری وەزارەتی پەروەردەین."
ئەو قوتابییە نیگەرانی خۆی و هاوپۆلەکانی نیشاندا و گوتی: "ئەو پرسیارە 2 نمرەی لەسەرە، بۆ ئێمە کە دەمانەوێت نمرەی بەرز بەدەستبهێنین، ئەو دوو نمرەیە کاریگەریی زۆری لەسەر تێکڕای گشتی نمرەکانمان دەبێت، بۆیە داواکارین لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوون بکەن بۆ ئەوەی مافمان نەفەوتێت."
مامۆستا حەسەن تاڵەبانی، بەڕێوەبەری پەروەردەی خانەقین لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو رایگەیاند، پڕۆسەی دانانی پرسیارەکان زۆر بە نهێنی بەڕێوەدەچێت و تاوەکو رۆژی تاقیکردنەوەکە کەس نایانبینێت، بەڵام میکانیزمێک بۆ چارەسەری کێشەی لەو شێوەیە هەیە.
بەڕێوەبەری پەروەردەی خانەقین دڵنیایی دایە قوتابیان و گوتی: "لە وەزارەتی پەروەردە لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان هەیە؛ ئەگەر ساڵانە هەڵەیەک لە پرسیارەکاندا هەبێت یان گومانی هەڵەی لێبکرێت، لیژنەکە کۆدەبێتەوە و بڕیار دەدات. دڵنیاتان دەکەینەوە هیچ قوتابییەک مافی نافەوتێت و ئەگەر بە فەرمی بسەلمێندرێت پرسیارەکە هەڵەیە، نمرەی تەواوی ئەو پرسیارە بەسەر هەموو قوتابیاندا دابەش دەکرێت."
تاوەکو ئێستا وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە فەرمی هیچ بڕیارێکی لەسەر ئەو پرسیارەی بەشی پیشەیی رانەگەیاندووە، بەڵام وەک بەڕێوەبەری پەروەردەی خانەقین ئاماژەی پێدا، لیژنە پەیوەندیدارەکان هەڵوەستە لەسەر تێبینیی قوتابیان دەکەن.
