رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە پارێزگاری بەغدا کرد و لە دیدارەکەدا پشتیوانیی خۆی بۆ بەستنی کۆنفرانسی پارێزگارانی عێراق لە شاری هەولێر دووپات کردەوە، کە پێشتر لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشنیاز کراوە و ئەو هەنگاوەی بە "گرنگ و ئیجابی" وەسف کرد.
بەپێی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی، رۆژی شەممە، 20ـی حوزەیرانی 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە عەتوان عەتوانی، پارێزگاری بەغدا و شاندێکی یاوەری کرد.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "پارێزگاری بەغدا و شاندی یاوەری ستاییشی خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستانیان بۆ گەیشتن بە ئازادی کرد. هەروەها رۆڵی مێژوویی سەرۆک بارزانییان لەو خەباتە دوورودرێژە و هەوڵدان بۆ بنیاتنانی سەقامگیری، تەبایی و بووژانەوەی هەرێمی کوردستان و رۆڵی بەڕێزیان لە بنیاتنانی عێراقی نوێ دا بەرز نرخاند".
بەگوێرەی راگەێندراوەکە سەرۆک بارزانی باسی لە تێکۆشان و خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستان لە قۆناخە جیاجیاکاندا کردووە. هاوکات "ئاشتەوایی و کولتووری لێبوردن و تەبایی، بە بنەمای سەرەکی بۆ پێشکەوتن و بووژانەوەی هەرێمی کوردستان و عێراق لەقەڵەم دا".
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە هەردوولایەن بیروڕایان "لەبارەی ئەزموونی هەرێمی كوردستان لە گەشەپێدان و هەوڵەكان لەپێناو باشتركردنی دۆخی خزمەتگوزاری و سەقامگیری لە بەغدا و پارێزگاكانی تری عێراق ئاڵوگۆڕ" كردووە
