رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەندانی گەنج، رێوار زوبێر لە باشووری کوردستان و ئاگرین سەوزە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، نوێترین گۆرانیی خۆیان بە شێوەی دوێت بەناوی (رازی دڵ) بڵاوکردەوە.
رێوار بە رووداوی گوت، "کلیپی گۆرانییەکەی لەسەر قەڵای هەولێر کردووە و ئەمڕۆ لە چەناڵی تایبەتی خۆی لە یوتیوب بڵاوی کردەوە."
ئاواز و هۆنراوەی گۆرانییەکە محەممەد شواعی دایناوە و ئەفشین شوکری، سەرپەرشتیی بەرهەمەکەی کردووە، جیهات پرۆدەکشنیش کاری دەرهێنانەکەی کردووە.
ئاگرین سەوزە، یەکێکە لە خانمە هونەرمەندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ماوەیەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گۆرانییە فۆلکلۆرەکان بە شێوەی کورتە ڤیدیۆ بڵاودەکاتەوە.
رێوار زوبێر، هونەرمەندێکی گەنجی سنووری پارێزگای هەولێرە، ساڵی 1992 لەدایکبووە، دەرچووی پەیمانگەی کۆمپیوتەرە و ساڵی 2012 دەستی بە کاری هونەری کردووە و بە گۆرانی (خۆشم دەوێی) لە ساڵی 2019 کە دوێتێک بوو لەگەڵ فاخیر زوبێری برای، ناوبانگی دەرکرد.