رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت ئەمڕۆ پێنجشەممە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، ئەوەش دوای ئەوەی تاران داخستنی تەنگەی هورمزی راگەیاند، خاڵێکی ستراتیژی و گرنگی گواستنەوەی وزەیە.
بڕیارەکەی ئێران دوای ئەوە هات، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێرشی زیاتری کردە سەر ئەو وڵاتە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش هەڕەشەی هێرشی تووندتری کرد ئەگەر رێککەوتنی ئاشتی واژۆ نەکرێت.
نرخی نەوتی برێنت دۆلارێک و 48 سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 94 دۆلار و 58 سەنت. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش دۆلارێک و 71 سەنت بەرزبووەوە بۆ 91 دۆلار و 74 سەنت. لە کاژێرەکانی سەرەتای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیادا، نرخی نەوتی سووکی تەکساس تاوەکو سێ دۆلاریش بەرزبووەوە، بەڵام دوای چەند کاژێرێک بەشێک لە قازانجەکانی لەدەستدا.
فەرماندەیی باڵای هاوبەشی سەربازیی ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، داخستنی تەنگەی هورمزی بەڕووی کەشتییە نەوتی و بازرگانییەکاندا راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، تەقە لە هەر کەشتییەک دەکرێت کە هەوڵی تێپەڕبوون بدات.
شارەزایانی بانکی ING لە تێبینییەکدا بۆ کڕیارەکانیان نووسیویانە: "ئەو رووداوانە ئاماژەن بۆ ئەوەی گەیشتن بە رێککەوتن هێشتا دوورە و رەوتی گواستنەوەی وزە لە کەنداوەوە بە توندی بەربەستی بۆ دروست دەبێت." بانکەکە دەڵێت: "پەرەسەندنی نوێی جەنگ و پێکدادانەکان بوونەتە هۆکاری هەڵکشانی نرخی نەوت لە مامەڵەکانی بەیانیاندا."
رۆژی چوارشەممە، سوپای ئەمریکا لە رێگەی هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) رایگەیاند، کەشتییە بازرگانییەکان بەردەوامن لە هاتووچۆکردن لە تەنگەکەدا. هەروەها رەتیکردەوە هیچ کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکی لە تەنگەکەدا پێکرابێت؛ ئەوەش دوای ئەوەی میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، کەشتییەکانی ئەمریکا لە نزیک رێڕەوە ئاوییەکە بە مووشەک و درۆن کراونەتە ئامانج.
هێزەکانی ئەمریکا کاژێر 12:15ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە کاتی هەولێر، هێرشیان دەستپێکرد بۆ سەر چەندین ئامانج لەنێو خاکی ئێراندا.
دۆناڵد ترەمپ ئێوارەی چوارشەممە بە پەیامنێری فۆکس نیوزی راگەیاند، هێرشەکان بەو زووانە رادەگیرێن، بەڵام هەڕەشەی ئەوەی کرد، بە توندی بۆردوومانیان دەکات ئەگەر سەرکردەکانی ئێران دەستبەجێ رێککەوتننامەیەک لەگەڵ ئەمریکا واژۆ نەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، ئیدارەی زانیارییەکانی وزەی ئەمریکا (EIA) رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، کۆگاکانی نەوتی خاوی ئەمریکا لە هەفتەی رابردوودا 7.2 ملیۆن بەرمیل کەمیان کردووە و دابەزیون بۆ 426.5 ملیۆن بەرمیل، لە کاتێکدا شارەزایان پێشبینیی کەمبوونەوەی تەنیا چوار ملیۆن بەرمیلیان دەکرد.
.jpg&w=3840&q=75)