رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بێ بەرامبەر سووتەمەنیی بۆ موەلیدە ئەهلییەکان دابین دەکات؛ هاوکات تاوەکو کۆتاییهاتنی وەرزی ساخکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆییش، هاوردەکردنی گەنم قەدەخە دەکات.
ئێوارەی شەممە 13ی حوزەیرانی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق شەشەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژانی سێشەممە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی سێشەممە پشووی فەرمییە، بۆیە کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی پێشخست.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی کارەبا کرا و بڕیاردرا هەوڵەکان بۆ دابینکردنی خواستی زۆری سەر وزەی کارەبا لە وەرزی هاویندا زیاد بکرێن و سووتەمەنیی بێ بەرامبەر بۆ موەلیدە ئەهلییەکان دابین بکرێت، بۆ ئەوەی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا بە خەڵک زیاد بکەن.
هەروەها نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندیشی دا لەسەر نوێکردنەوەی رێککەوتنامەی پەرەپێدانی کۆمپانیای گازی بەسرە، سەبارەت بە شێوازی دانەوەی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکە بە شێوەی پێدانی کاڵا.
بۆ جێگیرکردنی پرۆسەی دابینکردنی سووتەمەنی، بڕیاری ژمارە 119ی ساڵی 2026ی هەموار کردەوە، بەو پێیەش وەزارەتی نەوت بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی سووتەمەنی و رۆن و گازوایل (دیزل) بۆ وەزارەت و دامەزراوە حکومییە خزمەتگوزارییەکان بە شێوازی قەرز .
پڕۆژەیاسای یەکەمین هەمواری یاسای رێکخستنی مامەڵەکردن بە ماددە کشتوکاڵییەکان (ژمارە 46ی ساڵی 2012)ی پەسندکرد و رەوانەی پەرلەمانی کرد.
هەروەها بڕیاردرا بە رێکخستنی هاوردەکردنی گەنم، بەو مەرجەی هاوردەکار بەڵگەی کڕینی بڕی گەنم لە وەزارەتی بازرگانی/کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە پێبێت، کە بڕەکەی کەمتر نەبێت لە 50%ی ئەو بڕەی دەیەوێت هاوردەی بکات. نابێت هاوردەکردن بۆ مەبەستی تێکەڵکردن بێت. تاوەکو کۆتاییهاتنی وەرزی ساخکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی، هاوردەکردنی گەنم قەدەخەیە.
وەزیری دارایی عێراق راسپێردرا داواکارییەکی فەرمی پێشکێشی بانکی جیهانی بکات، بە مەبەستی تەواوکردنی رێکارەکانی چوونە ناو پرۆژەی "هاوپەیمانیی وڵاتانی عەرەبی بۆ چاکسازی و حوکمڕانیی دامەزراوە حکومییەکان."
