رووداو دیجیتاڵ
خەرجیی عێراق لە چوار مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 37.8 تریلیۆن دینار و داهاتی 31 تریلیۆن دینار بووە. بەراورد بە هەمان ماوەی پار، خەرجی 203 ملیار دینار زیاتر بووە، لەکاتێکدا داهاتەکەی 5.4 تریلیۆن دینار کەمی کردووە.
وەزارەتی دارایی فیدراڵ راپۆرتی خەرجی و داهاتی چوار مانگی سەرەتای ئەم ساڵی بڵاوکردەوە کە مانگی کانوونی دووەم تاوەکو نیسان دەگرێتەوە.
خەرجی 37 تریلیۆنی تێپەڕاند
لە چوار مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا خەرجیی عێراق 37.8 تریلیۆن دینار بووە، کە 36.4 تریلیۆن دیناری بۆ خەرجیی رەوان بووە و ئەوی دیکەی بۆ وەبەرهێنان بووە.
29.6 تریلیۆن دیناری خەرجیی عێراق لەو چوار مانگەدا بۆ مووچە بووە کە دەکاتە 79.1%ی تێکڕای خەرجییەکان.
بەراورد بە چوار مانگی سەرەتای پار، خەرجیی عێراق لەو ماوەیەی ئەم ساڵدا 203.8 ملیار دینار زیادی کردووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجییەکان بە 4.1 تریلیۆن دینار هەژمار کراوە، کە دەکاتە 10.8%ی تێکڕای خەرجییەکانی عێراق.
6.7 تریلیۆن دینار کورتهێنان هەبووە
داهاتی عێراق لە مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 31.1 تریلیۆن دینار بووە، کە 26.1 تریلیۆن دیناری داهاتی نەوتی بووە و 84%ی تەواوی داهاتەکانی پێکهێناوە، لەکاتێکدا داهاتی نانەوتی لە هەمان ماوەدا 5.04 تریلیۆن دینار بووە.
بەراوردکردنی داهاتی چوار مانگی سەرەتای ئەم ساڵ بە خەرجییەکان، دەردەکەوێ کە 6.7 تریلیۆن دینار کورتهێنان لە عێراق هەبووە.
داهاتی عێراق لە چوار مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا بەراورد بە هەمان ماوەی پار، 5.4 تریلیۆن دینار کەمی کردووە و کەمکردنەکە دەکاتە نزیکەی 15%ی داهات.
زۆرترین کەمکردن لە داهاتی نەوتیدا بووە، کە لە چوار مانگی سەرەتای پاردا 92%ی تێکڕای داهاتی پێکهێناوە، بەڵام لە هەمان ماوەی ئەم ساڵدا داهاتى نەوتى 84% بووە.
.jpg&w=3840&q=75)