رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ی ئەمریکی، لەنێو رەشنووسی رێککەوتننامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران دا بڕگەیەک جێگیر کراوە کە رێگە بە تاران دەدات هەر دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە، دەستبەجێ دەست بە فرۆشتنی نەوت و سووتەمەنی بکاتەوە.
رۆژی سێشەممە 16ی حوزەیرانی 2026، رۆژنامە ئەمریکییەکە لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە، ئەم بڕگەیە رێگە بە ئێران دەدات بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی سوود لە خزمەتگوزارییەکانی بانکی، گواستنەوە و بیمە وەربگرێت. ئەمەش وەکو هەنگاوێکی کردەیی بۆ کەمکردنەوەی ئەو گوشارانە دەبینرێت کە خراونەتە سەر ئابووریی ئێران.
لەو کاتەوەی دۆناڵد ترهمپ لە رۆژی یەکشەممەوە گەیشتن بە رێککەوتنی راگەیاندووە، مشتومڕێکی زۆر لەسەر وردەکارییەکانی رێککەوتنەکە هەیە. تاوەکو ئێستا دەقی رێککەوتنەکە بۆ هیچ لایەنێکی دەرەوەی دانوستاندنەکان ئاشکرا نەکراوە.
ترهمپ لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان لە کاتی لووتکەی گرووپی حەوت لە فەرەنسا ئاماژەی بە هەندێک لە بڕگەکانی رێککەوتنەکە کرد و گوتی، "لەم دوو رۆژەی داهاتوودا لەگەڵ میدیاکان پێداچوونەوە بە بەڵگەنامەکەدا دەکەین."
چاوەڕوان دەکرێ رێککەوتننامەکە رۆژی هەینی لە سویسرا واژۆ بکرێ.
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرش بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە وەڵامی دانەوە. لە 2ی ئاداریشەوە، تاران تەنگەی هورمزی داخست، بەمە نرخی بەرمیلێک نەوت لە 72 دۆلارەوە بۆ نزیکەی 120 دۆلار بەرزبووەوە. لە 13ی نیسانیشەوە ئەمریکا گەمارۆی خستە سەر بەندەرەکانی ئێران.
