رووداو دیجیتاڵ
بەهای 100 دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق 155 هەزار دیناری تێپەڕاندووە. سەرۆکی سەنتەری (عێراقی ئایندە) هۆکارەکە بۆ "زۆربوونی بڕی دیناری چاپکراو" و "کۆنترۆڵنەکردنی دەروازە سنوورییەکان" دەگەڕێنێتەوە. راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش دەڵێ، پاراستنی سەقامگیریی بەهاکە لە ئەستۆی بانکی ناوەندییە.
رۆژی چوارشەممە 17ی حوزەیرانی 2026 مەنار عوبەیدی، راوێژکاری ئابووری و سەرۆکی سەنتەری (عێراقی ئایندە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بانکی ناوەندی لە ماوەی رابردوودا قەبارەی نەختینەی دیناری چاپکراوی لە 100 تریلیۆنەوە بۆ 120 تریلیۆن دینار زیاد کردووە." بە بڕوای ئەو شارەزایە، ئەم زیادبوونە لە بەرامبەر کەمیی خستنەڕووی دۆلاردا بەهای دۆلاری بەرزکردووەتەوە.
مەنار عوبەیدی ئاماژە بەوەش دەکات، ئاساییبوونەوەی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و کردنەوەی تەنگەی هورمز خواستی لەسەر کڕینی کاڵای دەرەکی زیاد کردووە، بەڵام "کۆت و بەندەکانی سەر حەواڵەکردنی پارە" وای کردووە دەروازە فەرمییەکانی دۆلار نەتوانن هەموو خواستەکان دابین بکەن، ئەمەش گوشارەکەی خستووەتە سەر بازاڕ.
"گەڕانەوەی بەها بۆ 145 هەزار دینار ئەستەمە"
زیا تائی، نوێنەری کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوی عێراق بە رووداوی گوت، "گەڕانەوەی بەهای 100 دۆلار بۆ 145 هەزار دینار وەک ئەوەی چەند مانگێک لەمەوبەر هەبوو، ئەستەمە."
تائی هۆکارەکە بۆ دەروازە سنوورییەکان دەگێڕێتەوە، "هێشتا بە تەواوی کۆنترۆڵ نەکراون و کاڵاکان لە دەرەوەی سیستمی ئەسیکۆدا هاوردە دەکرێن، ئەمەش وایکردووە بازرگانان بۆ دابینکردنی دۆلار پەنا بۆ بازاڕی رەش ببەن."
بە بڕوای تائی، تەنیا رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران دەتوانێ بەهای 100 دۆلار بۆ 151 یان 152 هەزار دینار دابەزێنێت.
راوێژکاری سەرۆکوەزیران: زیادبوونی گەشتەکان هۆکارە
موزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ رووداو، پێیوایە هەڵبەز و دابەزی بەهای دۆلار پەیوەندی بە "کۆمەڵێک هۆکاری وەرزی"یەوە هەیە.
موزهر محەممەد ساڵح ئاماژە بەوە دەکات، لە وەرزی هاویندا بەهۆی زیادبوونی گەشتەکان بۆ دەرەوە، خواست لەسەر دۆلار بەرزدەبێتەوە.
راوێژکاری سەرۆکوەزیران دەڵێ، "بەشێکی چالاکییە بازرگانییە نافەرمییەکان هێشتا لە دەرەوەی سیستمی بانکی دۆلار دابین دەکرێن، ئەمەش خواستێکی زیادە دروست دەکات."
موزهر محەممەد ساڵح ئاماژە بە کاریگەریی "زانیارییە چەواشەکارەکان" و "بەرزبوونەوەی سوودی دۆلار لە ئەمریکا" دەکات وەک فاکتەری کاریگەر لەسەر بازاڕی عێراق.
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق جەخت دەکاتەوە کە پاراستنی سەقامگیریی بەهاکە لە ئەستۆی بانکی ناوەندییە و پێویستە لە رێگەی ئامرازەکانی سیاسەتی نەختینەییەوە کۆنترۆڵ بکرێت.
