رووداو دیجیتاڵ
بەهای تمەن لە هەرێمی کوردستان بەرزترە بەراورد بە ئێران. ئاڵوگۆڕکارێکی دراو دەڵێت، "خەڵک بۆ قازانج تمەن دەکرێت".
ئەمڕۆ لە تارانی پایتەختی ئێران، 100 دۆلار بەرامبەر 15 ملیۆن و 550 هەزار تمەنی ئێرانە، لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستان 100 دۆلار کەمترە لە 13 ملیۆن تمەن.
رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ 100 دۆلار بەرامبەر 12 ملیۆن و 500 هەزار تمەنە بەشێوەی نەختی".
ئەو ئاڵوگۆڕکارەی دراو گوتی: "لەگەڵ نزیکبوونەوە و رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران و دەنگۆی لابردنی سزاکان، خەڵک لە هەرێمی کوردستان تمەن دەکڕن بۆ قازانج و ئەوەش هۆکارێکە بەهاکەی بەرزتر بێت لە ئێران".
بە گوتەی رەوەز میرزا: "هۆکارێکی دیکە وای کردووە بەهای تمەن لە هەرێمی کوردستان بەرزتربێت لە ئێران ئەوەیە لێرە تمەنی کاش کەمە وەکو ئێران نییە، کە لەوێ زیاتر مامەڵە بە ژمارە و هەژمارە بانکییەکانەوە دەکرێت".
لە رووداوێکی هاوشێوەدا کۆتایی ساڵی 2024 کە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریا رووخا، بەهای ملیۆنێک لیرەی سووریا گەیشتە نزیکەی 700 دۆلار لە هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا لە دیمەشق نزیکەی 100 دۆلار بوو، کاتێک دۆخی سووریا ئاسایی بووەوە بەهای دراوەکەی لە هەرێمی کوردستانیش ئاسایی بووەوە و بەشێکی هاونیشتمانیان زیانێکی زۆری مادییان کرد.
رەوەز میرزا رێنوێنی هاونیشتمانیان دەکات، کە "تمەن دەکڕن خێرا بیفرۆشنەوە و هەڵینەگرن، چونکە رەنگە بە جووڵەیەکی سیاسیی هەموو شتەکان پێچەوانە ببننەوە".
.jpg&w=3840&q=75)