رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، تاوەکو ئەمڕۆ 18%ـی کۆی ئەو گەنمە وەرگیراوە، کە بڕیارە لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت.
12ـی حوزەیران وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکەوە دەستیپێکرد و رۆژی دواتر لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە.
سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ 68 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران لەلایەن سایلۆکانەوە وەرگیراوە".
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاری داوە 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەربگرێ، کە 292 هەزار تۆنی بە گەنمی نێو پلانی چاندن دادەنرێت و تۆنی بە 700 هەزار دینارە، زیاتر لە 108 هەزار تۆنیش بە دەرەوەی پلان دادەنێت و تۆنی بە 500 هەزار دینار وەرگرێت.
بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی گوتی: "ئەو ەی وەرگیراوە گەنمی نێو پلان و دەرەوەی پلانە، 18%ـی کۆی ئەو گەنمەیە بڕیاردراوە لە هەرێمی کوردستان وەربگیرێ".
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان پێشبینی کردووە، ئەم ساڵ زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن گەنم لە هەرێمی کوردستان بەرهەم هەبێ. ئەوەی دەمێنێتەوە بەشێوەی بازرگانی لە بازاڕەکاندا ساخ دەکرێتەوە.
ساڵی 2024 حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، ساڵی 2025 کەمیکردەوە بۆ 400 هەزار تۆن بە نرخی 800 هەزار دینار بۆ تۆنێک، ئەم ساڵ 400 هەزار تۆن وەردەگرێ و کردوویەتی بە دوو پلە، نێو پلان و دەرەوەی پلان، نرخەکەشی کەمکردووەتەوە بۆ 700 هەزار دینار بۆ نێو پلان و دەرەوەی پلانیش 500 هەزار دینار.
.jpg&w=3840&q=75)