رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی 6 هەفتە لە وەستان، ئێران جارێکی دیکە دەستی بە هەناردەکردنی نەوتی خاو لە رێگەی تێرمیناڵی سەرەکیی وڵاتەکەیەوە کردەوە؛ ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی بلومبێرگ، پرۆسەی بارکردنی نەوت لە دوورگەی (خارگ) کە گرنگترین ناوەندی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە، دەستیپێکردووەتەوە.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئێران تاوەکو ئێستا نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی لە رێگەی ئەو کەشتییانەوە گواستووەتەوە کە لە ماوەی شەش هەفتەی رابردوودا و لە کاتی وەستانی هەناردەکردندا، لە ناوچەکەدا مابوونەوە.
سەرەڕای دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، بەشێک لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی گواستنەوەی دەریایی هێشتا بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە، بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ تێپەڕین بە تەنگەی هورمزدا دەکەن.
بەپێی راپۆرتەکەی بلومبێرگ، لانیکەم 20 کەشتیی نەوت لە رۆژهەڵاتی دوورگەی خارگ لەنگەریان گرتووە؛ ئەمەش نیشانەی ئەوەیە، ئەگەر بارودۆخی کەنداو جێگیر بێت، لە رۆژانی داهاتوودا بڕی هەناردەکردنی نەوتی خاو زیاتر دەبێت.
