رووداو-تەندروستی
سەرۆکی بەشی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی نانەکەلی رایدەگەیێنێت، لە نەخۆشخانەکەیان ئامێری MRI نییە و زۆر پێویستە بۆیان دابینبکرێت.
د. هەورۆ تەها، سەرۆکی بەشی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی نانەکەلی بە رووداوی راگەیاند: "ئامێری MRI لە نەخۆشخانەی نانەکەلی نییە و زۆر پێویستە بۆمان دابینبکرێت، هەروەها کێشەی کەمیی کارمەندمان هەیە بەتایبەت پەرستار، بەجۆرێک هەندێک ئامێریان هەیە و ناتوانن کاریان پێبکەن چونکە پەرستاریان نییە".
سەبارەت بە دەرمان، د. هەورۆ تەها ئاماژەی بەوەکرد کە بەردەوام پێویستیان بە دابینکردنی دەرمان هەیە و گوتی: "کێشەی کەمیی دەرمانی پڕۆستاتمان هەیە، بۆ نموونە دەرمانی (ئینزالوتاماید) ماوەی دوو ساڵە نەماوە، چونکە بودجەی تەواومان نییە".
د. هەورۆ دەڵێت: نەخۆشخانەکەیان گوشاری زۆری لەسەرە و تەنانەت تووشبوو لە ناوچەکانی دیکەی عێراقیشەوە سەردانیان دەکات.
بەگوێرەی ئامارەکانی نەخۆشخانەی نانەکەلی، تەنیا لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا، 35 نەخۆشی نوێی تووشبوو بە شێرپەنجەی پڕۆستات لە نەخۆشخانەکەیان تۆمار کراون.