رووداو-تەندروستی
کۆمپانیای نارا ئۆرگانیکس (Nara Organics) رایگەیاند، ئەو شیرە وشکەی بۆ منداڵان بەرهەمی دەهێنێت لە سەرجەم فرۆشگەکان و فرۆشتنی ئۆنلاین لە سەرانسەری ئەمریکادا دەکێشێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی سێ منداڵ تووشی نەخۆشیی بۆتولیزم بوون.
دەزگەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) رایگەیاند، سێ منداڵی ساوا لە تەمەنی نێوان 2 بۆ 5 مانگیدا لە ویلایەتەکانی کالیفۆرنیا، پێنسیلڤانیا و واشنتن، دوای خواردنی شیری "Nara Organics Whole Milk Organic Powdered"، نەخۆش کەوتوون و لە نەخۆشخانە چارەسەریان وەرگرتووە.
بۆتولیزمی کۆرپە، نەخۆشییەکی دەگمەن بەڵام مەترسیدارە و تووشی منداڵانی خوار تەمەن 1 ساڵ دەبێت، چونکە مایکرۆبایۆمی ریخۆڵەیان هێشتا بە تەواوی گەشەی نەکردووە. نەخۆشییەکە بەهۆی خواردنی بەکتریایەکەوە دروست دەبێت و ژەهر لەناو ریخۆڵەدا بەرهەم دەهێنێت.
نیشانەکانی نەخۆشیی بۆتولیزم بریتین لە:
- قەبزی
- کەمخۆری
- خاوبوونەوەی پێڵووی چاو
- لاوازیی ماسوولکەکان
- کێشەی قووتدان و کێشەی هەناسەدان
سەنتەری کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا (CDC) داوا لە هاووڵاتییان دەکات دەستبەجێ بەکارهێنانی ئەو شیرە رابگرن.
