رووداو - تەندروستی
ئەندامێکی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی تای خوێنبەربوون رایدەگەیێنێت، نابێت ئاژەڵ دەرمانی پێدرابێت و بکرێتە قوربانی، بەڵام ئەوەش باس دەکات کە هیچ پشکنینێک لە کوشتارگەکان نییە بۆ دەرخستنی ئەوەی کە ئاژەڵ دەرمانی پێدرابێت یاخود نا، هۆکارەکەشی ئاشكرا کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە 27-5-2026 کە هاوکاتە لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان د. فەرەیدوون حەمەد، ئەندامی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی تای خوێنبەربوون لە هەولێر لەنێو رووماڵی جەژندا بە رووداوی راگەیاند، نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە پارێزگاکانی عێراق بە سەتان تووشبووی لێ تۆمار دەکرێت و ئەمەش مەترسییەکی جیدییە بۆ سەر ئاژەڵەکانی هەرێمی کوردستان.
د. فەرەیدوون حەمەد باسی نیشانەیەکی باو دەکات کە دەشێت ئاژەڵ تای خوێنبەربوونی هەڵگرتبێت، وەکو بوونی گەنە لەسەر پێستەکەی و نێو خوریەکەی، پاشان گوتی: ئەو ئاژەڵەی دەکرێتە قوربانی نابێت دەرمانی درابێتێ وەکو دەرمانەکانی دژەبەکتریاکان.
لەبارەی دەرمانەکەش روونی دەکاتەوە، هەندێک دەرمان هەفتەیەک لە جەستەی ئاژەڵدا دەمێننەوە و کاتێک گۆشت و بەروبوومەکەی دەخورێت، ئیدی بۆ مرۆڤیش دەگوازرێتەوە و تووشی کێشەی جیدی دەکات. ئەوەشی گوت ''هیچ پشکنینێک نییە بۆ دیاریکردنی رێژەی دەرمان لە جەستەی ئاژەڵ، چونکە تێچووەکەی گرانە''.
چۆن مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵ دەکەی؟
* ئەو ئاژەڵانە هەڵبژێرە کە گەنە، مێش و مەگەزیان پێوە نییە.
* لەکاتی سەربڕیندا دووربکەورەوە لە شوێنەکە و با هیچ بەرکەوتەیەکت لەگەڵ گۆشت و پاشماوەی ئاژەڵەکە نەبێت.
* پێش سەربڕین و دوای سەر بڕین پشکنین بۆ ئاژەڵە بکرێت.
کاتێک گۆشتەکە دەبەیتەوە ماڵەوە
* بە دەستکێش و جلوبەرگی تایبەت گۆشتەکە لەت لەت بکرێت.
* ئەو چەقۆیەی بەکاردێت واباشترە فڕێبدرێت یاخود دوای کارەکە بە فاست بشۆردرێت.
* سەرجەم خوێن و پاشماوەکان بخرێنە نێو کیس و لە شوێنی تایبەت فڕێبدرێن.
* لەکاتی بەرکەوتن بە گۆشتەکە دەستەکان بشۆردرێن و دەست نەبرێت بۆ دەم و لووت.
کاتێک گۆشتی قوربانیتان بۆ دێت
* راستەوخۆ بیخەرە نێو بەفرگر بۆماوەی 24 کاژێر.
* دواتر بیخەرە نێو ساردکەرەوە بۆ ئەوەی خاو ببێتەوە.
* چەند کاژێرێک بیکوڵێنە یاخود بیکە بە کەباب و بیبرژێنە ئاساییە.