دوای سێ دەیە لە غەریبی و دوورەوڵاتی، خاوەنی دەنگە پڕ لە سۆزەکەی باکوور، هۆزان دینۆ، بۆ یەکەمجار پێ دەنێتە خاکی باشووری کوردستان و لە تەنیشت "پردی دەلال"ی زاخۆوە دەبێتە میوانی رووداو و رووداو هەڤپەیڤینێکی چڕ و پڕی لەگەڵ دەکات. دینۆ لەم هەڤپەیڤینە تایبەتەدا، تەنیا وەک هونەرمەندێک نادوێت، بەڵکو وەک کوردستانییەک باس لە هەستی بینینی ئاڵای کوردستان لە فرۆکەخانە و پۆلیسی کوردی و چیرۆکی تەمبوورە شکاوەکەی منداڵی و ئەو ستایلە دەکات، کە لە هونەرەکەیدا هەڵیگرتووە. ئەو دەڵێت: "هێشتا نیشتمانەکەم ئازاد نییە، بۆیە ناتوانم گۆرانیی شایی بچڕم."
دەقی هەڤپەیڤین:
رووداو: بینەرانی هێژا، ئێوارەباش. لە زاخۆوە، لە کەناری چەمی خابوور و لە تەنیشت پردی دەلال، چاوپێکەوتنێکی زۆر تایبەتم بۆ ئامادە کردوون. میوانێکی زۆر تایبەتم هێناوەتە ئێرە: هۆزان دینۆیە. بەڕاستی زۆر هێژایە، نەک تەنیا کورد، بەڵکو بێگانەکانیش حەزی لێ دەکەن. هەر چوار پارچەی کوردستان حەزیان لە دەنگ و گۆرانییەکانیەتی. دینۆ، زۆر بەخێر بێیت.
هۆزان دینۆ: چەند خۆشە لێرە، لە زاخۆ یەکتر دەبینین، سەرەتایەکی زۆر خۆش بوو.
رووداو: سەرنجڕاکێشترین شت چییە؟ بینەران دەزانن، ٢١ی مانگی ئادار، لە نەورۆزی ئەمساڵدا بەرنامەیەکم پێشکەش کرد. دینۆ میوانم بوو، پێم گوت: "دینۆ، با پرسیارێکت لێ بکەم؛ یەکەمین شار کە کۆنسێرتی خۆتی تێدا پێشکەش بکەیت لە باشووری کوردستان، چ شارێک دەبێت؟" گوتی: "زاخۆ". منیش بە خەڵکی زاخۆم گوت: "خۆتان ئامادە بکەن، دینۆ دێت." وا دینۆ هاتە لاتان. خۆشە، وایە دینۆ؟
هۆزان دینۆ: بێگومان زاخۆ وەک گوتم، شارێکی ئێمەیە و تایبەتمەندییەکی نزیکی لە باکووری کوردستانیشەوە هەیە. چیا و سروشتەکەی، شارەکە خۆی، چەمی خابوور، لە زۆر لایەنەوە مرۆڤ رادەکێشێت، بەڵام لێرەدا دەمەوێت بڵێم ئەمە بەو مانایە نییە کە شارەکانی دیکەی کوردستان خۆش نین. با کەس زویر نەبێت، هەر شارێک تایبەتمەندیی خۆی هەیە. یەک بە یەک سەردانیان بکەم، لەبارەی ئەوانیشەوە هەر وا دەڵێم. بەڵام ئەمە سەرەتایە، یەکەمجارە دێمە ئەم بەشەی کوردستان و ویستم لێرەوە دەست پێ بکەم. زۆر خۆشە یەکەمجار لە نیشتمانی خۆت کۆنسێرت پێشکێش بکەیت.
رووداو: تۆ لە ئەڵمانیاوە هاتیت، من لە هۆڵەنداوە. دینۆ پێم بڵێ؛ یەکەمجار کە سواری فڕۆکەیەکی کوردی دەبیت، کارمەندەکانی نێو فڕۆکەکە کوردن، لە فڕۆکەخانەی هەولێر دادەبەزیت هەموو کوردن، پۆلیسی کورد پێشوازیت لێ دەکەن، پاسپۆرتەکەت دەدەیتە دەست کورد، بۆ یەکەمجار ئاڵای کوردستان لە کوردستان دەبینیت، چ هەستێک بوو؟ چۆنت هەست پێ کرد؟
هۆزان دینۆ: بێگومان خواست و خەونی هەر کوردێک بوو کە وڵاتێکی ئازادی هەبێت، تا بتوانێت بە نرخ و بەهاکانی خۆیەوە بژی. کاتێک سواری فڕۆکە بووم و بینیم کارمەندەکان بە کوردی دەدوێن، سەرسام بووم. دابەزیم هەر کوردی بوو، ئاسایش، کارمەند، پۆلیس؛ مرۆڤ هەست دەکات لە ماڵی خۆیەتی. هەستێکی جیاوازە، وەک گوتم خەونی هەر کوردێکە. ئەوە شتێکی سروشتییە، هەموو کەسێک بە نەتەوەی خۆی شاد و سەربەرز دەبێت. من هێشتا نوێم لێرە، بەڵام رۆژ بە رۆژ مرۆڤ دڵخۆشتر دەبێت. من لە ماڵەکەی خۆم لە غەریبی، کوردستانێکی بچووکم بۆ خۆم دروست کردبوو، گۆشەیەکی تایبەت بە خۆمم هەبوو، بەڵام ئێستا ئەو کوردستانەی لە خەیاڵمدا بوو، دەبینم لە راستیدا زۆر گەورەترە.
رووداو: خۆشە، واتە پێشتر لە ماڵەکەت لە هۆڵەندا کوردستانێکی بچووکت ئاوا کردبوو؟
هۆزان دینۆ: بەڵێ، بەڕاستی ئەو هەستەی مرۆڤ دەیەوێت دەریببڕێت، جارنا وشەکان تێراو نین. هەستێکی بێوێنەیە.
رووداو: دەزانم ئێستا زۆر پرسیار لە مێشکتاندایە. پێش ئەوەی دەست بە چاوپێکەوتنەکە بکەین، بە دینۆم گوت: "دینۆ، ئازادم چ پرسیارێک بکەم؟" گوتی: "دڵبخوین، هیچ فەرق ناکات." باشە، ناوی دینۆ؛ بۆ نموونە دینۆ پیاوێکی زۆر عاقڵ و تێگەیشتوو و رۆشنبیرە. بەڵام "دینۆ" بە تورکی واتە "دێڵێ" (شێت)؟
هۆزان دینۆ: ئەم یاسای پاشناوە لە تورکیا دەرچوو، پاشناوی ئێمەیان گۆڕی بۆ "دێڵی" (Delî). بەڵام ئەوە لە باپیری باپیرمەوە ماوەتەوە، کە ناوی "دێڵی محەممەد" بووە، واتە محەممەدی شێت. بەڵام بەو مانایەی کە مرۆڤێکی زۆر بەغیرەت و ئازا بووە. ئەو دەچێتە ئەو گوندەی کە ئێستا گوندی ئێمەیە و ئاوای دەکات. کاتێک ساڵی 1991 بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵ دەستم بە هونەر کرد، بیرم لە ناوێکی کوردی کردەوە. بەڵام دەترسام، چونکە لە کوردستان ئەگەر سەرکەوتوو نەبیت و ناوێک لە خۆت بنێیت، خەڵک شێتم دەکەن (بە گاڵتەوە). لە رادیۆیەکی شاری بورسای تورکیا بەشداری بەرنامەیەکم کرد، ناوەکەیان لێ پرسیم، لە دەمم دەرچوو گوتم "دینۆ". ئیتر لەو رۆژەوە ناوەکەم بوو بە دینۆ. پاشناویشم "شایین" بوو، کردم بە کوردی و بوو بە "باز"، واتە دینۆ باز.
رووداو: ئەی هاوار، واتە ناوەکەت لە باپیرتەوە وەرگرتووە و جێگیرت کردووە، وایە؟
هۆزان دینۆ: بەڵێ، ناوی "دینۆ" سەرنجڕاکێشە و لە یاد ناچێت، هەموو کەسێکیش دەتوانێت بە ئاسانی بیڵێت. منیش پێی دڵخۆشم.
رووداو: دینۆ ئێستا بووەتە هونەرمەندێکی بەناوبانگ و ملیۆنان کورد گوێی لێ دەگرن. کاتێک لەو رادیۆیەی بورسا دەستت پێ کرد، پێت وابوو رۆژێک دێت ببیتە کەسایەتییەکی ئاوا ناسراو لە هەموو کوردستان؟
هۆزان دینۆ: مرۆڤ رەنگە نەتوانێت پێشبینییەکی ئاوا دوور بکات، بەڵام دەمزانی شتێکم تێدایە. هەمیشە بڕوام بە خۆم هەبوو و دەمگوت "من دەتوانم بیکەم، بۆچی نەتوانم؟" هەم دەنگم هەبوو، هەم دەمتوانی تەمبوور بژەنم. هیوام هەبوو و بڕوام بە خۆم بوو.
رووداو: دەنگت زۆر تایبەتە دینۆ، ئەم دەنگە لە کوێوە دێت؟
هۆزان دینۆ: کەمێک بەرەو مۆسیقای رەسەن دەچووم، نەک وەک حەیران و بەیت، بەڵکو دەنگێکی کلاسیکی کوردییە کە تێکەڵی دەکەم لەگەڵ هەستێکی کوردەواری و ئامێری رۆژئاوایی، بێ ئەوەی هەستی رۆژهەڵاتی بکوژم. ئەمەش شێوازێکی تایبەتی پێ بەخشیم. هەموو گۆرانی و تێکست و ئاوازەکان هی خۆمن، بۆیە بەپێی تۆنی دەنگی خۆم و دەروونی خۆم دەیانخوێنم. هەمیشە دەڵێم هونەرمەند پێویستە هەم کۆمەڵناس بێت، هەم مێژووناس و رۆشنبیر بێت. ئەگەر کۆمەڵگەکەت نەناسیت، ناتوانیت هونەرێکی وا بخولقێنیت کە کاریگەرییان لەسەر هەبێت.
رووداو: دوای 30 ساڵ لە غەریبی، ئازارەکانی غەریبی کاریگەرییان لەسەرت نەبووە؟
هۆزان دینۆ: کێ هەیە کاریگەریی لەسەر نەبووبێت؟ بەڵام غەریبی جارنا دەبێتە هۆی داهێنان، چونکە ئەو هەستانەی لە دڵتدا ماونەتەوە و ناتوانیت لەوێ بێژیت، دەبنە هەوێنی کارەکانت.
رووداو: چی زیاتر لە غەریبی ئازارت دەدات؟
هۆزان دینۆ: ئازادی، یان نەبوونی ئازادی. تۆ لەوێ هەرگیز نابی بە ئەورووپی، هەمیشە میوانیت. هەرچەند چاند و زمانیشیان فێر بیت، هەر میوانیت. لە ماڵەوە لای خۆمان سەدا هەشتای کاتەکە بە کوردی دەدوێین.
رووداو: کچەکەت (رۆژبین)م بینی، کوردییەکی زۆر باش دەزانێت و هاوکاریت دەکات.
هۆزان دینۆ: بەڵێ رۆژبین زۆر هاوکارمە. بڕیارەکانمان بە تەنیا نین، رۆژبین بڕیار دەدات، هونەر کارێکی بەکۆمەڵە. رۆژبین خۆی دکتۆرە و ساڵی داهاتوو تەواوی دەکات.
رووداو: هونەرەکەت بۆ منداڵەکانت نەگواستەوە؟
هۆزان دینۆ: هونەرمەندی تەنیا گۆرانیگوتن نییە. هونەرمەند هەیە خاوەن مەبەست و میسیۆنە، دەتوانیت لێپرسینەوەی لێ بکەیت. من تەنیا بۆ پارە و ناوبانگ کار ناکەم. هەندێک جار لێم دەپرسن: "دینۆ، بۆچی گۆرانیی شادیت نییە و هەمیشە گۆرانییەکانت پڕن لە ئازار؟" من دەڵێم هێشتا کێشەکانمان چارەسەر نەبوون، هێشتا نەگەیشتووینەتە ئازادیی تەواو، من ناتوانم ئێستا لوتبەرزی بکەم و تەنیا شایی بکەم. وەک شاعیرێک دەڵێت: "من وەک وڵاتەکەی خۆم وام."
رووداو: لەم چەند ساڵەدا چەند جار گەڕاویتەتەوە بۆ باکووری کوردستان؟
هۆزان دینۆ: کاتێک پڕۆسەی ئاشتی دەستی پێکرد، زۆر هونەرمەند و رۆشنبیر گەڕانەوە، منیش یەکێک بووم لەوان. بەڵام مخابن پڕۆسەکە سەرنەکەوت و ئێمەش گەڕاینەوە بۆ غەریبی.
رووداو: لە دڵتدا هەیە رۆژێک لە باکووری کوردستان کۆنسێرت بکەیت؟
هۆزان دینۆ: گەلی کورد دڵیان گەورەیە، ئەگەر خۆشیان بوێیت، تەنانەت ئەگەر بچیتە "فیزان"یش هەر دێن بۆ لات. بڕوام وایە لە کۆنسێرتی داهاتووماندا خەڵک لە باکوور، لە سلێمانی، هەڵەبجە، کەرکووک و مووسڵەوە دێن.
رووداو: دینۆ، تۆ لەژێر کاریگەریی هیچ پارتێکی سیاسی نیت؟ خۆت وەک هونەرمەندێکی کوردستانی دەبینیت؟
هۆزان دینۆ: بڕوا و هیوای شەخسی شتێکی دیکەیە، بەڵام پێویستە هونەرمەند و رۆشنبیر بە نەتەوەیی بجوڵێنەوە. دەمەوێت وەک "پردی دەلال" بم، پردێک بم لەنێوان گەلەکەمدا بۆ خۆشەویستی و یەکێتی. ئێمە تینووی یەکێتیین. نامەوێت هیچ لایەنێک سنووردارم بکات، من نە باکووری، نە باشووری، نە رۆژهەڵاتیم، من کوردستانیم. هەر کەسێک بەردێک بخاتە سەر بەردێک بۆ ئەم نیشتمانە، من پێی دڵخۆشم.
رووداو: زۆر باش بوو. دەڵێیت دەمەوێت ببمە پردی دەلال. سەیری ئەم دیمەنە بکە، لەوپەڕی پردەکەوە خەڵک بە ئاڵای کوردستانەوە دەپەڕنەوە.
هۆزان دینۆ: وڵاتێکی ئازاد هەیە. سەیری هەموو گەلانی جیهان بکە، خاوەن سنوور و وڵات و چاند و زمانی خۆیانن. بۆچی ئێمە دەربەدەر و پەنابەر بین؟ ملیۆنان کوردمان لە تاراوگە هەیە، ئێمە نەخۆشی "بێ وڵاتی"مان هەیە. پێویستە جیاوازییەکانی یەکتر قبووڵ بکەین و لەسەر خاڵە نەتەوەییە بنەڕەتییەکان رێک بکەوین.
رووداو: خەڵکی رۆژاوای کوردستانیش زۆر تۆیان خۆش دەوێت، بیرت لەوە کردووەتەوە بچیتە ئەوێ؟
هۆزان دینۆ: بێگومان، هەر کاتێک دەرفەت و بارودۆخ گونجاو بێت دەچم. ئێستا لە باشوورم، رەنگە بەیانی لە رۆژاوا بم، یان لە رۆژهەڵات. هەر شوێنێکی کوردستان پێویستی بە هونەری کوردی بێت، من دەچم. من وەک پاڵەوان قسە ناکەم، تەنیا هەوڵ دەدەم.
رووداو: بیرت دێت کام گۆرانیت زۆر بەناوبانگ بوو؟
هۆزان دینۆ: هەندێک گۆرانی لای خەڵک تایبەتن. "لێ دایێ ئەز گەریلامە" لە 1999 یەکەم بەرهەمم بوو. دواتر "وەڵاتێ تە"، "چوو"، "گولێ دەلالێ"، "ئۆی یارێ" و زۆری دیکە. ئێستا زیاتر لە 40 گۆرانیم هەن کە خەڵک هەمیشە گوێیان لێ دەگرن. تێگەیشتووم کە ئەگەر لەناو کۆمەڵگەدا بژیت، وزەیەکی پۆزەتیڤت دەدەنێ.
رووداو: دەتوانیت جارێکی دیکە گۆرانییەکی وەک "ئۆی یارێ" دروست بکەیت؟ بۆچی زۆربەی هونەرمەندەکان ناتوانن شتێکی نوێ وەک کارە کۆنە بەناوبانگەکانیان دروست بکەن؟
هۆزان دینۆ: هەر مرۆڤێک هەستی هەیە، بەڵام ئەو هەستانە کاتەکەیان دیار نییە کەی دێن. کاتێک ئەو گۆرانییەم نووسی، نەمدەزانی چ هەست و رووحێک بوو. بەڵام بۆ ئەوەی شتی نوێ دروست بکەیت، دەبێت هەمیشە خۆت پڕ بکەیت لە خوێندنەوە و زانیاری. ناتوانیت لە دەفرێکی خاڵییەوە شتێک دەربهێنیت.
رووداو: دینۆ، تۆ چۆن بوویت بە هونەرمەند؟ کەس دەستی گرتی؟
هۆزان دینۆ: من منداڵ بووم، حەزم لە بۆکسێن بوو. براکەم تەمبوورێکی شکاو و کۆنی هەبوو، منیش جووتێک دەستکێشی بۆکسێنم هەبوو، گۆڕیمانەوە! من تەمبوورە شکاوەکەم لێ وەرگرت و فێری بووم. باوکم کە ناوی شێخ محەمەد بوو، رێگەی پێ دام. رۆژێک مەلا هاتە ماڵمان و گوتی "شێخ محەمەد، ئەم تەمبوورە گوناهە و لەم ماڵەدا نابێت"، باوکم زۆر توڕە بوو و بە مەلای گوت "نانەکەت خواردووە و چایەکەت بخۆرەوە و بڕۆ دەرەوە". من ترسام نەوەک باوکم تەمبوورەکە بشکێنێت، بەڵام باوکم پێی گوتم: "عیبادەت تەنیا رووکەش نییە، گرنگ ئەوەیە مێشک و دڵت بڕیارێکی ئینسانی بدەن." ئەو قسەیەی باوکم بوو بە رێنیشاندەرم بۆ هونەر.
رووداو: ئێستا ئەو تەمبوورە لە زاخۆ و هەولێر و دهۆک دەبینرێت. دەستخۆش دینۆ، کاتمان نەماوە. ئەگەر شتێکت ماوە بیڵێیت؟
هۆزان دینۆ: زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە لەم شوێنە جوانە. زۆر دڵخۆش بووم کە لە باشووری کوردستان و لە زاخۆ یەکترمان بینی. سوپاس بۆ هەموو بینەران، هیوادارم رۆژانی خۆش لە پێشمان بێت. هەر بژین.
* ئەم هەڤپەیڤینە رۆژی چوارشەممە 10ی حوزەیرانی 2026 لە زاخۆ تۆمارکراوە.