رووداو دیجیتاڵ
لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا 61 دەفتەری تاقیکردنەوەکانی پۆلی شەشی ئامادەیی دەستیان بەسەرداگیرا کە حەوت دەفتەریان بە وەڵامی پرسیارەکانەوە بووە.
وەزارەتی پەروەردەی عێراق بڕیاری لێکۆڵینەوەی بەپەلە دا. بەڕێوەبەری پەروەردەی یەکێک لە پارێزگاکان دەڵێ پێش رووداوەکان ناکەون و چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵێنەوە دەکەن. ئەندامێکی لیژنەی پەروردە لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوەدەکات رۆژی دووشەممە لیژنەکەیان کۆدەبێتەوە و بانگهێشتی وەزیری پەروەردە دەکەن بۆ ئەوەی روونکردنەوەی بدات.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی فەرمی کە دەست " تۆڕی میدیایی رووداو" کەوتووە، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا دەست بەسەر 61 دەفتەری تاقیکردنەوەی پۆلی شەشی ئامادەیی و کەلوپەلی دیکەی تایبەت بە وەزارەتی پەروەردەدا گیراوە، کە لای گەشتیارێک بوون، لەنێویاندا دەفتەری پڕکراوەی قوتابییەک هەبووە.
بەپێی کۆنووسی دەستبەسەرداگرتنەکە رووداوەکە کاژێر 08:00ی بەیانیی رۆژی چوارشەممە 10-06-2026 لە هۆڵی "سامەڕا"ی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا روویداوە. گەشتیارێک بە ناوی (جەواد عەبدولکازم شەوای سودانی) راگیراوە کە هەڵگری پاسپۆرتێکی عێراقییە، لەکاتی پشکنینی کەلوپەلەکانیدا، دەست بەسەر چەندین دەفتەر و فۆرمی تاقیکردنەوەکانی قۆناخی شەشەمی ئامادەییدا گیراوە.
ئەو کەلوپەلانەی دەستیان بەسەردا گیراوە بریتین لە:
1- 51 دەفتەری تاقیکردنەوەی بەتاڵ.
2- حەوت دەفتەری تاقیکردنەوەی پڕکراوە بە ناوی قوتابی (فاتیمە سەباح حوسێن) بە ژمارەی تاقیکردنەوەی (302612330540001)، کە هەموویان وەڵامی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەکانیان تێدابووە.
3- سێ دەفتەری تاقیکردنەوەی رەنگ شین.
4- دوو فۆرمی مۆری پەنجەمۆری قوتابی.
5- حەوت فۆرمی تایبەت بەو قوتابیانەی ئامادەنەبوون.
6- هەشت (ستیکەر)ی تایبەت بە داخستنی دەفتەری تاقیکردنەوەکان.
لەسەر دەفتەرەکان بە روونی نووسراوە: "ئاڵوگۆڕکردنی لە دەرەوەی وەزارەتی پەروەردە قەدەخەیە".
کۆنووسەکە لەلایەن نوێنەرانی پۆلیسی گومرگ، دەستەی دەروازە سنوورییەکان، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، ئەفسەری گومرگ و هەواڵگریی پۆلیسی گومرگەوە واژۆ کراوە.
لەسەر ئەو بابەتە، شەوی رابردوو، وەزارەتی پەروەردەی عێراق کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی رووداوەکە کرد.
عەبدولکەریم عەبتان، وەزیری پەروەردە، فەرمانی کرد لێکۆڵینەوەی دەستبەجێ بۆ ئاشکراکردنی راستی و دروستی بابەتەکە بکرێ و خۆشی بە شێوەیەکی مەیدانی سەرپەرشتی سەلامەتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان لە تەواوی پارێزگاکان دەکات.
وەزارەتی پەروەردەی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە (11ی حوزەیرانی 2026)، رایگەیاند لێکۆڵینەوەیەکی دەستبەجێ و بەپەلەی لەبارەی رووداوی دەستاودەستکردنی دەفتەری تاقیکردنەوەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا دەستپێکردووە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان بەشێوەیەکی راستەوخۆ چاودێری دۆسیەکە دەکات.
کەریم سەید، گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی پەروەردە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "وەزارەت دەستخۆشی لەو هەوڵە گەورانە دەکات کە دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکان داویانە لە بەدواداچوون و دەستبەسەرداگرتنی دۆسیەی دەستاودەستکردنی دەفتەرەکانی تاقیکردنەوە لە فڕۆکەخانەی بەغدا؛ ئەمەش گوزارشت لە ئاستێکی بەرزی هاوئاهەنگی و پەرۆشی دەکات بۆ پاراستنی پرۆسەی تاقیکردنەوەکان و پاراستنی دەسپاکی لێی."
وەزارەتی پەروەردە دڵنیایی دەداتە قوتابیان و کەسوکاریان کە "تاقیکردنەوە گشتییەکان بەگوێرەی رێکارە تووندە ئەمنی و تەکنیکییەکان بەڕێوەدەچن، وەزارەت بەوپەڕی بەرپرسیارێتی و شەفافیەتەوە مامەڵە لەگەڵ هەر بابەتێکی لەو شێوەیە دەکات، بە ئامانجی پاراستنی مافی قوتابیان و سەلامەتی تاقیکردنەوەکان."
هەر لەوبارەوە، مەنسوور مزری، بەڕێوەبەری پەروەردەی کەرکووک، ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی حوزەیرانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، " سەرجەم پێداویستییەکانی تاقیکردنەوەیان وەرگرتووە و رۆژی شەممە تاقیکردنەوەی پۆلی شەشی ئامادەیی لە عێراق بەڕێودەچێت. رێکاری تووند گیراوەتەبەر بۆ پاراستنی پرسیارەکان و دەفتەی تاقیکردنەوەکان".
لەسەر رووداوەکە فڕۆکەخانەی بەغدا، بەڕێوەبەری پەروەردەی کەرکووک گوتی: "وەزیری پەروەردەی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بەپەلەی پێکهێناوە، با پێش رووداوەکان نەکەوین و چاوەڕێی ئەنجامی لیژنەی لێکۆڵینەوە بکەین، لەو رۆژەگارە زۆر کاری ساختەکاری دەکرێ، بۆیە چاوەڕێی ئەنجامی لیژنەی لێکۆڵینەوە دەکەین".
چیمەن حوسێن سورچی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دەرەوەی وڵات نۆ قوتابخانەی حکومی و ژمارەیەک قوتابخانەی ئەهلی هەن کە بەگوێرەی پرۆگرامی وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەخوێنن و لە عێراق دەفتەر و پرسیارەکانیان بۆ رەوانە دەکرێ بۆ ئەوەی تاقیکردنەوە بکەن.
ئەندامەکەی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق گوتی: "لەگەڵ ئەوەی لە کۆنووسەکەدا باسی وەڵامی پرسیارەکان کراوە بۆ حەوت دەفتەری قوتابییەک کە لە ئۆکرانیا دەخوێنێ، بەڵام قسەم لەگەڵ حوسێن لامی، بریکاری وەزیری پەروەردە کردووە و ئەو نکۆڵی کرد کە وەڵامی پرسیارەکانی تێدابێت و ئاماژەی بەوەکرد پرسیارەکان رۆژانی تاقیکردنەوە کاژێر حەوتی بەیانی بە ئۆنلاین رەوانەی ئەو وڵاتانە دەکرێت".
هەروەها راشیگەیاند، لەگەڵ ئەوەی دەسەڵات بە کەسێک دراوە بەناوی هەیسەم نعمە بۆ ئەوەی دەفتەرەکان بگەیێنێتە دەرەوەی وڵات، بەڵام لە فڕۆکەخانەی بەغدا دەفتەرەکان بەکەسێکی دیکە گیراوە.
بەگوتەی چیمەن حوسێن سورچی، لیژنەکەیان بەدواداچوونی جدی بۆ ئەو کەیسە دەکات، رۆژی دووشەممەی داهاتوو کۆدەبێتەوە و بانگهێشتی وەزیری پەروەردەی عێراق دەکەن بۆ ئەوەی روونکردنەوەیان پێبدات.
بەگوێرەی راگەیێندراوی دەستەی گشتیی گومرگی عێراق، تیمەکانیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا بۆ پشکنینی گەشتیاران، توانییان دەست بەسەر چەندین دەفتەری تاقیکردنەوەدا بگرن کە "بۆ مەبەستی گزیکردن ئامادەکرابوون".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "ئەم پڕۆسەیە ئەنجامی وردبینی و پشکنینی پیشەییانەی تیمەکانمان بوو؛ دوای ئەوەی گومان لە کەلوپەلی گەشتیارەکە کرا و پشکنینی وردی بۆ کرا، ماددەکان دۆزرانەوە و تەواوی رێکارە یاساییەکان بەرامبەر سەرپێچیکارەکە بەپێی یاسا و رێنماییەکان گیرایەبەر."
