رووداو دیجیتاڵ راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی دەڵێ، حکومەت کار بۆ کۆتاییهێنان بە بودجەی پشتبەستوو بە نەوت دەکات و پلانێکی نوێ بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات جێبەجێ دەکرێت، کە تێیدا سیستمی ئابووریی وڵات لەسەر بنەمای "ئابووریی بازاڕی کۆمەڵایەتی" رێکدەخرێتەوە. موزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی، رۆژی شەممە، 13ـی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گەشبینم بەو پلانەی کە لەلایەن عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە داڕێژراوە. سەرۆکوەزیران جەختی لەوە کردووەتەوە کە هیچ گەڕانەوەیەک نییە بۆ بودجەیەک کە تەنیا پشت بە فرۆشتنی نەوت ببەستێت." بەگوتەی موزهر محەممەد ساڵح، ستراتیژیی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتی نیشتمانیی عێراق لەسەر دوو کۆڵەکەی سەرەکی بونیاد نراوە: یەکەم:بەرزکردنەوەی رێژەی بەشداریی کەرتی تایبەت لە کۆی بەرهەمی نێوخۆیی، بە جۆرێک لە ماوەی دە ساڵی داهاتوودا لە 37%ـەوە بگاتە نزیکەی 54% یان زیاتر. دووەم:دامەزراندنی سندووقێکی گەشەپێدان کە وەک پاڵپشتێکی دارایی بۆ کەرتی تایبەت کار بکات، ئەویش لە رێگەی دابینکردنی قەرزی وەبەرهێنانی سوودکەم و درێژخایەن بۆ هاندانی ئەو چالاکییانەی داهات بەرهەم دەهێنن و هەلی کار لە کەرتە جیاوازەکاندا دەڕەخسێنن؛ ئەمەش بە پشتبەستن بە بنەماکانی پلانی گەشەپێدانی 2024-2028 و دیدگەی عێراق 2050. ئابووریی بازاڕی کۆمەڵایەتی راوێژکارەکەی عەلی زەیدی گوتی: "ئاراستەی بەهێزکردنی رۆڵی کەرتی تایبەت، پشت بە پێناسەیەکی نوێ بۆ سیستمی ئابووریی وڵاتەکەمان دەبەستێت، کە ئەویش هاوبەشیی نێوان دەوڵەت و بازاڕە لە چوارچێوەی چەمکی ئابووریی بازاڕی کۆمەڵایەتی دا." موزهر محەممەد ساڵح روونیکردەوە، ئەم رێڕەوە ئابوورییە نوێیە لە چوارچێوەی یاسایەکدا رێکدەخرێت، بۆ ئەوەی لە دەرەوەی خولەکانی هەڵبژاردن و گۆڕانکاریی حکومەتەکاندا وەک پابەندییەکی ستراتیژی بمێنێتەوە و گەرەنتیی بەردەوامیی گەشەپێدان بکات. "بەرمیلێک نەوت دەگاتە 400 دۆلار" راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیران رەخنەی لە هاوردەکردنی سووتەمەنی گرت و گوتی: "شەرمە بۆ ئێمە تاوەکو ئێستاش هەندێک لە بەرهەمە نەوتییەکان لە دەرەوە هاوردە بکەین، لەکاتێکدا ئەگەر یەک بەرمیل نەوتی خاو لە پرۆسەی پیشەسازیدا بەکاربهێنرێت و بکرێتە بەرهەمی دیکە، نرخەکەی بۆ حەوت هێندە زیاد دەکات و دەگاتە زیاتر لە 400 دۆلار." لەبارەی دیدگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە، موزهر محەممەد ساڵح ئاماژەی بەوە کرد، عەلی زەیدی چونکە خۆی لە کەرتی ئابوورییەوە هاتووە، خاوەنی "دیدگەیەکی گەنجانەیە" و بەم پلانانە ئابووریی هاونیشتمانییان دەبووژێنێتەوە، کە ئەمەش بە "کەمترین مافی شایستەی هاونیشتمانییان" ناوهێنا.