رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری دیالە شەش کارمەندی بنکەیەکی گومرگی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستگیردەکات بەپاساوی ئەوەی بنکەکەیان "نایاساییە" و دواتر ئازاد دەکرێن.
رووداوەکە 11ی حوزەیرانی 2026 لە نزیک بازگەی باوە مەحموود روویدا کە لە نێوان ئیدارەی گەرمیان و سنووری کارگێڕیی پارێزگای دیالەیە، کاتێک عەدنان شەمەری، پارێزگاری دیالە سەردانی بازگەکەی کرد.
سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە سنووری گەرمیان بە رووداوی راگەیاند: "بە فەرمانی پارێزگاری دیالە، بۆ چەند کاژێرێک شەش کارمەندی ئەو بنکە گومرگییەی هەرێمی کوردستان دەستگیرکران کە نزیکەی 50 مەتر لە بازگەی باوە مەحموودەوە دوورە و سەر بە دەروازەی سنووریی پەروێزخانە، بەڵام دوای چەند کاژێرێک و قسەکردن لەگەڵ پارێزگار، ئەو کارمەندانە ئازاد کران".
پەیجی فەرمیی دیوانی پارێزگای دیالە گرتەی ڤیدیۆیی سەردانەکەى عەدنان شەمەری و دەستگیرکردنی ئەو کارمەندانەی بڵاوکردەوە.
پارێزگاری دیالە لەو ڤیدیۆیەدا دەردەکەوێ و لە شۆفێرێک دەپرسێت: "لەو بنکەیە پارەیان لێ وەرگرتوویت؟" دواتر دەچێتە نێو بنکەکە و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو کارەیان نایاساییە و فەرمان دەدات بە کوژاندنەوەی کۆمپیوتەری بنکەکە و بە کارمەندەکان دەڵێ: "کێ ئێوەی ناردووە؟ فەرمانگەکەتان کوێیە؟ ئێرە سنووری حکومەتی فیدراڵییە".
سروە محەممەد رایگەیاند، پارێزگار ئاگاداری ئەوە نەبووە کە ئەو بنکەیە بە رێککەوتن لەنێوان بەغدا و هەولێر دانراوە، کە تایبەتە بە سێڵی بارە بازرگانییەکان کە دەچنە نێوەڕاست و باشووری عێراق.
سێڵ، مۆرێکە لەو بارانە دەدرێ کە لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە لەگەڵ تورکیا و کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوردە دەکرێ و نابێت بکرێنەوە تاوەکو دەگەنە ئەودیو بازگەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی.
