رووداو دیجیتاڵ عێراق داوایەکی ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی بردەوە و وەزارەتی دادی عێراق دەڵێت، رێگریان کردووە لەوەی 800 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو بدەن، لە بەرامبەر سکاڵاکار دەبێت 10 ملیۆن دۆلار بداتە عێراق. ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادگەی عێراق، رۆژی دووشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، داوایەکی ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لەلایەن کۆمپانیای "ئۆرێنجە"وە لە دژی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق تۆمارکرابوو، بەڵام داواکەیان بردەوە و سکاڵای کۆمپانیاکە رەتکرایەوە. بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق، بە بردنەوەی داواکە، عێراق لە پێدانی قەرەبوویەکی دارایی رزگاربوو، کە نزیکەی 800 ملیۆن دۆلار بوو. بەپێی بڕیاری دەستەی ناوبژیوانی، کۆمپانیای ئۆرێنجه پابەندکراوە 10 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بداتە عێراق، وەک تێچووی پارێزەران و خەرجییە یاساییەکان. گوتەبێژی وەزارەتی دادگەی عێراق، پێیوایە ئەم هەنگاوە نیشانەی هێزی پێگەی یاسایی عێراق و کارایی ئەو هەوڵانەیە کە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم دۆسیەیە دراون و ئەنجامەکەی لە بەرژەوەندیی دەوڵەتدایە. کۆمپانیای ئۆرێنجه (Orange S.A) کە پێشتر بە "فرانس تێلیکۆم - France Télécom" دەناسرا، یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی جیهان لە بواری گەیاندن و پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکانی مۆبایل و ئینتەرنێت، بنکەی سەرەکیی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسایە. زیاتر لە 280 ملیۆن بەشداربووی لە سەرتاسەری جیهاندا هەیە. نزیکەی 136 هەزار کارمەندی هەیە کە نیوەیان لە فەرەنسا کار دەکەن. لە زیاتر لە 26 وڵاتدا خزمەتگوزارییەکانی پێشکێش دەکات. ئۆرێنجه لە ساڵی 2011دا هاوبەشییەکی ستراتیژیی لەگەڵ کۆمپانیایەکی گەیاندن لە عێراق کرد و پشکی تێدا کڕی. بەڵام دواتر لەگەڵ حکومەتی عێراق تووشی کێشەی یاسایی بوو و پەنای بۆ دادگە برد، بەڵام داواکەی دۆڕاند.