رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، کاتی دەوام بۆ سبەی چوارشەممە گۆڕانکاریی تێدا دەکرێ و کاژێر 10:00ی بەیانی دەستپێدەکات، ئەوەش بۆ رەخساندنی دەرفەت بە فەرمانبەران تاوەکو بینەری یاریی هەڵبژاردەی عێراق بن لە مۆندیال.
ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی سێشەممە 16ی حوزەیرانی 2026 بڵاویکردەوە، "بۆ پشتگیریکردن لە هەڵبژاردەی نیشتمانی لە مۆندیال و بە راسپاردەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاردرا بە دەستکاریکردنی کاتی دەوامی فەرمی بۆ رۆژی چوارشەممە، 17ی حوزەیرانی 2026، بە جۆرێک دەوام لە کاژێر 10:00ی بەیانی دەستپێدەکات."
دەستپێکردنی دەوامی فەرمیی فەرمانبەرانی عێراق، لە رۆژانی ئاسایی کاژێر 08:30 خولەکی بەیانییان دەستپێدەکات.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەم رێکارە بۆ ئەوەیە دەرفەتی تەواو بدرێتە فەرمانبەران تاوەکو بینەری یاریی هەڵبژاردەی نیشتمانی بن لە چوارچێوەی رکابەرییەکانی جامی جیهانی و پشتگیری لە "شێرەکانی رافیدەین" بکەن لەم رووداوە وەرزشییە جیهانییە گەورەیەدا.
یاری هەڵبژاردەی عێراق کاژێر یەکی بەرەبەیانی سبەی چوارشەممە بە کاتی هەولێر لە یاریگەی جێلیت لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت. هەڵبژاردەی عێراق لە کۆمەڵەی نۆیەم لەگەڵ هەڵبژاردەکانی نەرویج، فەرەنسا و سەنیگال یاری دەکات.
لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق شەش یاریزانی کورد یاری دەکەن کە بریتیین لە یوسف ئەمین، ئاکام هاشم، مێرخاس دۆسکی، مارکۆ فەرەج، رێبین سۆلاقا و ئەیمار شێر.
