رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای کار لە پارێزگای ئەنباری رۆژئاوای عێراق بۆ گەڕان بەدوای نەوت و گازدا دەست بەکاردەبێ و بەرپرسێکی باڵای کۆمپانیاکە رایگەیاند، لە چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوودا یەکەم بیر لێدەدەن.
لە مانگی 4ی ساڵی 2024، کۆمپانیای کار دوای تێپەڕبوونی بە رێکارێکی ئاڵۆز و ورد، وەک یەکەم کۆمپانیای عێراقی مۆڵەتی بەدەستهێنا بۆ ئەوەی بەشداری لە گەڕی مۆڵەتدان بکات، کە گەڕەکانی مۆڵەتدانی ''پێنج پڵەس'' و شەش بوون.
کۆمپانیای کار سێ پڕۆژەی بردەوە، یەکێکیان لە خلێسییە کە کەوتووەتە هەردوو پارێزگای ئەنبار و نەینەوا، دووەمیان عەلان ساسان لە باکووری رۆژئاوای موسڵ و سێیەمیشیان پڕۆژەی دیمە بوو لە پارێزگای میسان.
د. هاوڕێ مەنسوور بەگ، بەڕێوەبەری کۆمپانیای کار لە کێڵگەی خلێسییە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی حوزەیرانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پڕۆژەکان وردە وردە دەستیان بە کارکردن کردووە. بەڵام دوای چەندین توێژینەوەی زەویناسی و ئەندازیاری لە بلۆکی خلێسییە بە فەرمی دەستمان بە کار و چالاکییەکانمان کردووە، رووپێویی پڕۆژەکە و کاریگەریی ژینگەییمان تەواو کردووە."
د. هاوڕێ مەنسوور بەگ، گوتی: "ئێستا دەست بە پاککردنەوەی ناوچەکە دەکەین لە مین و پاشماوەی تەقەمەنی، دواتر دەست بە پڕۆژەی رووپێویی سیزمیکی دەکەین. هەر کە تەواو بوو، ئەو شوێنە دەستنیشان دەکەین بۆ ئەوەی یەکەم بیری تێدا هەڵبکۆڵین، بەو هیوایەی لە چارەگی یەکەمی ساڵی داهاتوودا بیرەکەمان لێبدەین بۆ دۆزینەوەی نەوت یان گاز یان هەردووکیان."
بەڕێوەبەری کۆمپانیای کار لە کێڵگەی خلێسییە باسی لەوە کرد، "لەو ناوچەیە لە بەری سووریا و ئوردن لەسەر سنوور، چەندین دۆزینەوەی نەوت و گاز هەیە، بەڵام ناوچەی خلێسییە پشکنین و بەرهەمهێنانی بۆ نەکرابوو وەک پڕۆژەی نەوت و گاز، بۆیە بڕیارێکی ئازایانە و بوێرانەیە کە کۆمپانیای کار لە ناوچەیەکی لەم شێوەیەدا کاری وەبەرهێنانی تێدا دەکات."
لە باکووری کێڵگەی نەوتی خلێسییە، بیرێکی نەوت هەیە کە لە ساڵانی 1957 بۆ 1958 لەلایەن بەریتانییەکانەوە لێدراوە. د. هاوڕێ مەنسوور بەگ، گوتی: "ئەوکات بەریتانییەکان نەوتیان تێدا نەدۆزییەوە، بەڵام کۆمپانیای کار بە چەمکێکی نوێی زەویناسی و بیروبۆچوونێکی تازەوە، دوای نزیکەی 70 ساڵ لە دوای بەریتانییەکان، هەوڵدەدات نەوت یان گاز یان هەردووکیانی تێدا بدۆزێتەوە."
بەڕێوەبەری کۆمپانیای کار لە کێڵگەی خلێسییە ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار کۆبوونەتەوە بۆ هاوئاهەنگی و سوودگەیاندن بە ناوچەکە و دانیشتووانەکەی و وەزارەتی نەوتی عێراقیش پشتیوانیی تەواویان دەکات. کۆمپانیای نەوتی ناوەڕاست لەگەڵ کۆمپانیای کار هاوبەشە لەو پڕۆژەیەدا.
یونس جوعانی، سەرۆکی لیژنەی پلاندانان و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار، ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی حوزەیرانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆمپانیای کار، یەکەم کۆمپانیای وەبەرهێنانی ناوخۆیی عێراقییە کە کاری وەبەرهێنان لە کێڵگەی نەوتدا دەکات".
کێڵگەکە هاوبەشە لەنێوان پارێزگاکانی ئەنبار و نەینەوا، بەشێوەیەک 62٪ی دەکەوێتە ئەنبار لە ناوچەکانی راوە و عانە و 38٪ی دیکەی دەکەوێتە پارێزگای نەینەوا.
یونس جوعانی، ئاماژەی بەوە کرد، رۆژی 14ی ئەم مانگە، کۆمپانیای کار لەگەڵ عومەر مەشعان دەببووس، پارێزگاری ئەنبار، کۆبووەوە و بڕیارە دوو بۆ سێ هەفتەی دیکە بەتەواوی دەست بەکار بن. هەروەها کۆبوونەوەیەکی دیکەی فراوان لەنێوان ئیدارەی پارێزگا و کۆمپانیای کار و فەرماندە سەربازیی و ئەمنییەکانی پارێزگاکە دەکرێت و سەردانی کێڵگەکە دەکرێت بۆ ئەوەی بە فەرمی رادەستیان بکرێت و دەست بەکار بن.
سەعد غازی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دۆخی ئەمنی و ژینگەی وەبەرهێنان لە پارێزگای ئەنبار بە تەواوی ئارامە. هەموو جۆرە ئاسانکارییەک پێشکێشی کۆمپانیای کار و کۆمپانیاکانی دیکە دەکەین بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە ئەنبار بکەن و کارەکانیان بەباشی بەڕێوەببەن."
عەدنان کوبەیسی، ئەندامی لیژنەی وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کۆمپانیای کار بە فەرمیی گرێبەستی پەرەپێدانی کێڵگەی گازیی خلێسەییەی وەرگرتووە، کە یەکێکە لە شوێنەکانی گەڕان و پشکنینەکانی گەڕی شەشەمی مۆڵەتەکان."
ئەندامەکەی لیژنەی وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار گوتی، "کۆمپانیای کار دەستی بە رووپێوی کێڵگەکە کردووە، بەڵام هێشتا ئامێر و کەرەستەکانی نەهێناوە بۆ ئەوەی دەست بە لێدانی یەکەم بیر بکات. چاوەڕوان دەکرێت لەم مانگەوە کەرەستە و ئامێرەکان بهێنێت بۆ ئەوەی دەست بە کارەکانی بکات."
بە گوتەی عەدنان کوبەیسی، "کێڵگەی خلێسەییە گرنگییەکی ستراتیژیی هەیە و رۆڵی دەبێت لە دابینکردنی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لەنێو پارێزگای ئەنبار، بەتایبەتی وێستگەکانی کارەبا. پڕۆژەکەش سەدان هەلی کار بۆ دەرچووان و هێزی کاری ناوخۆیی دابین دەکات."
رۆژی یەکشەممە، 14ی حوزەیرانی 2026، عومەر مەشعان دەببووس، پارێزگاری ئەنبار، لەگەڵ بەڕێوەبەری مۆڵەتەکان لە کۆمپانیای نەوتی ناوەڕاست و هاوڕێ مەنسوور بەگ، بەڕێوەبەری کۆمپانیای کار لە کێڵگەی گازیی خلێسەییە کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی خێراکردنی وەبەرهێنان لە کێڵگەکەدا و رایگەیاند، "حکومەتی خۆجێیی سوورە لەسەر دابینکردنی هەموو جۆرە پاڵپشتی و ئاسانکارییەک بۆ سەرخستنی پڕۆژەکە، بە جۆرێک کە گەرەنتیی خێرایی لە جێبەجێکردنی قۆناخەکاندا بکات."
پارێزگاری ئەنبار، متمانەی خۆی بە کۆمپانیا نێوخۆییەکان دووپاتکردەوە و گوتی، "متمانەی تەواومان بە کۆمپانیا نیشتمانییە رەسەنەکان هەیە و ئەوان کاری لە پێشینەیان دەبێت لە جێبەجێکردنی پڕۆژە وەبەرهێنان و گەشەپێدانەکان لەنێو پارێزگاکەدا."
پارێزگاری ئەنبار ئاماژەی بەوە کرد، وەبەرهێنان لە کێڵگەی خلێسەییە لە ناوچەی رۆژئاوا پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و دەبێتە هۆی گەشەپێدانی ئابووری و بەهێزکردنی کەرتی وزە، هەروەها جەختی لە رەخساندنی هەلی کار کردەوە و رایگەیاند، "ئەم پڕۆژەیە هەلی کار بۆ گەنجانی پارێزگاکە دەڕەخسێنێت و پێشینەی دامەزراندن و کارکردن بۆ لێهاتوویی و هێزی کاری ناوخۆیی دەبێت."
سەبارەت بە یەدەگی پێشبینیکراوی کێڵگەکە، بەڕێوەبەری کۆمپانیای کار لە کێڵگەی خلێسەییە و سەرۆکی لیژنەی پلاندانان و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار رایانگەیاند، "ناتوانین هیچ پێشبینییەک بکەین."
