رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاماری نوێی هاوژینی و جیابوونەوەی بۆ مانگی ئایاری 2026 بڵاوکردەوە؛ بەگوێرەی ئامارەکە لە ماوەی یەک مانگدا زیاتر لە 29 هەزار گرێبەستی هاوژینی کراون و لە بەرامبەردا نزیکەی شەش هەزار جیابوونەوە تۆمارکراون.
رۆژی پێنجشەممە، 18-06-2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاماری مانگی رابردووی پارێزگاکانی عێراقی (جگە لە هەرێمی کوردستان) بڵاوکردەوە. بەپێی داتاکان، لەو مانگەدا 29 هەزار و 491 گرێبەستی هاوژینی کراون و 5 هەزار و 829 جیابوونەوەش لە دادگاکان تۆمارکراون.
زۆرترین جیابوونەوە لە بەغدایە
هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو، بەغدای پایتەخت لە هەردوو بەری کەرخ و رەسافە، زۆرترین هاوژینی و جیابوونەوەی تێدا تۆمارکراوە. لەو مانگەدا 8 هەزار و 45 گرێبەستی هاوژینی لە بەغدا کراون، لە بەرامبەریشدا 2 هەزار و 190 خێزان لێکجیابوونەتەوە. پارێزگای بەسرەش بە تۆمارکردنی 628 جیابوونەوە لە پلەی دووەمدا دێت.
سەبارەت بە پرۆسەی هاوژینی، دوای بەغدا، پارێزگای نەینەوا بە تۆمارکردنی 2 هەزار و 824 گرێبەست، لە پلەی دووەمی پارێزگاکانی عێراقدا دێت.
بەپێی داتاکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، پارێزگای موسەننا کەمترین جیابوونەوەی تێدا تۆمارکراوە کە تەنیا 115 جیابوونەوە بووە، دوای ئەویش پارێزگاکانی واست و مەیسان دێن.
ئامارەکانی مانگی ئایار نیشانی دەدەن کە رێژەی هاوژینی و جیابوونەوە بەراورد بە مانگی نیسانی رابردوو کەمێک دابەزیوە، چونکە لە مانگی نیساندا کۆی گشتیی هاوژینی و جیابوونەوەکان گەیشتبووە نزیکەی 40 هەزار .
ئاماری هاوژینی و جیابوونەوە لە پارێزگاکانی عێراق:
- بەغدا (رەسافە): 4,542 هاوژینی و 1,244 جیابوونەوە
- بەغدا (کەرخ): 3,503 هاوژینی و 946 جیابوونەوە
- نەینەوا: 2,824 هاوژینی و 491 جیابوونەوە
- بەسرە: 2,722 هاوژینی و 628 جیابوونەوە
- بابل: 1,941 هاوژینی و 183 جیابوونەوە
- زیقار: 1,606 هاوژینی و 157 جیابوونەوە
- نەجەف: 1,568 هاوژینی و 293 جیابوونەوە
- ئەنبار: 1,480 هاوژینی و 347 جیابوونەوە
- کەربەلا: 1,420 هاوژینی و 288 جیابوونەوە
- دیالە: 1,388 هاوژینی و 251 جیابوونەوە
- کەرکووک: 1,225 هاوژینی و 195 جیابوونەوە
- سەڵاحەدین: 1,198 هاوژینی و 160 جیابوونەوە
- واست: 1,195 هاوژینی و 139 جیابوونەوە
- مەیسان: 1,079 هاوژینی و 136 جیابوونەوە
- قادسیە: 1,044 هاوژینی و 256 جیابوونەوە
- موسەننا: 756 هاوژینی و 115 جیابوونەوە
