رووداو دیجیتاڵ
سێ منداڵ لە ناوچەی محەلەبییەی موسڵ کە بۆ مەلەکردن چووبوونە گۆمێکی نزیک رووباری دیجلە، خنکان.
رۆژی هەینی 19ی حوزەیرانی 2026 ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە رووداوی گوت، "دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، سێ منداڵ لە گوندی توێم لە ناوچەی محەلەبییەی موسڵ لەنێو گۆمێکدا خنکان."
بە گوتەی ئەحمەد دووبەردانی، منداڵەکان تەمەنیان 10 ساڵ بۆ 12 ساڵە و ئامۆزای یەکدین.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئاماژە بەوە دەکات، خێزانەکانیان گوتوویانە منداڵەکان بۆ خۆ فێنککردنەوە چووبوونە مەلەوانی و بەڵێنیان بە خێزانەکانیان دابوو کە نەچنە قووڵایی گۆمەکەوە.
تەرمی سێ منداڵەکە برایە دادپزیشکیی موسڵ و دواتر رادەستی خێزانەکانیان کرایەوە.
