رووداو دیجیتاڵ
زۆربەی کارمەندەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا پسپۆڕی بوارەکە نین. دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق دەڵێ، 5 هۆڵی (VIP) لە فڕۆکەخانەکەدا هەن.
جیهاد دیوان، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق، رۆژی شەممە، 20ـی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بەدەست کەمیی کارمەندی پسپۆڕەوە دەناڵێنێت و زۆربەی ئەوانەی لەوێ دامەزراون، بڕوانامەکەیان پەیوەندییان بە بواری فڕۆکەوانییەوە نییە."
سەبارەت بە بڕوانامەی کارمەندەکان، جیهاد دیوان گوتی: "راستە کارمەندی زۆر هەن بڕوانامەیان پەیوەندیی بەو پسپۆڕییەوە نییە، بەڵام ئەوە کەمتەرخەمی فەرمانبەرەکە نییە، بەڵکو کەمتەرخەمی و هەڵەی ئەو بەرپرسەیە کە دایمەزراندوون. داخستنی هۆڵەکانی (VIP)یش لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە و دەبێت هەر سێ سەرۆکایەتییەکە بڕیاری لەسەر بدەن."
هەر لەوبارەیەوە، راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، ئەمڕۆ شەممە، 20ـی حوزەیرانی 2026، قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و دانی بە کەموکوڕییەکانی فڕۆکەخانەکەدا نا و رایگەیاند: "لەکاتی گفتوگۆکان لەگەڵ رێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنیی نێودەوڵەتی (ICAO) داواکرا ئەو کارمەندانە بگۆڕدرێن و کەسانی شارەزا لە شوێنیان دابنرێ، نەک کەسانێک کە بڕوانامەکانیان لە پسپۆڕییەکی دیکەدایە".
ئەو راوێژکارە گوتی: "هەر لە گفتوگۆکاندا داوا کرا سەرجەم کەموکوڕییەکان چارەسەر بکرێن تاوەکو ئاسمانی زۆربەی وڵاتان بە روویدا بکرێتەوە، لەوانەش ئەورووپا. کەموکوڕییەکانی فڕۆکەخانەکە زیانی گەورەی بە ناوبانگی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق گەیاندووە".
ئەو بەرپرسە گوتی: "لە فڕۆکەخانەی بەغدا 5 هۆڵی ڤی ئای پی هەن کە هی هەر سێ سەرۆکایەتییەکە و دوو لایەنی دیکەن، لەکاتێکدا لە فڕۆکەخانەکانی جیهان تەنیا یەک هۆڵ هەیە و دەبێت لە دەرەوەی فڕۆکەخانەش بێت."
ئەم قسانە لە کاتێکدا دێن، بەنگین رێکانی، سەرۆکی دەستلەکارکێشاوەی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق، هەفتەی رابردوو لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای عێراق رایگەیاند: "ئەو پێنج هۆڵە تایبەتن بە سەرۆکایەتییەکانی کۆمار، وەزیران، پەرلەمان، ئەمینداریەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و حەشدی شەعبی. ئەوەیشی لەوێوە بڕوات، پشکنینی بۆ ناکرێ، ئەوە لەکاتێکدایە پێویستە یەک هۆڵی ڤی ئای پی هەبێ و لە دەرەوەی فڕۆکەخانە بێت و ئەو کەسانەش دیاری بکرێ کە دەتوانن بەکاری بهێنن."
رێکانی باسی لەوەش کرد، زۆربەی کارمەندەکان بڕوانامەی "سەیر و سەمەرەیان" هەیە و دەرچووی بەشەکانی هونەرە جوانەکان، خوێندنی ئیسلامی و عەرەبین، لەکاتێکدا دەبێت پسپۆڕی تایبەت بن و خاوەنی نوێترین خولی مەشق و راهێنان بن؛ هەروەها رایگەیاند، فڕۆکەخانەی بەغدا بێ مۆڵەتی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی کاردەکات و 90%ی شکستەکانیشی بۆ "دەستوەردانی سیاسی" گەڕاندەوە.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق گوتی: "ساڵانە دەبێت فڕۆکەخانەی بەغدا مۆڵەتەکەی نوێ بکاتەوە، بەڵام نوێی نەکردووەتەوە."
هاوکات زەهرە بچاری، سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە خولی رابردووی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 20ی حوزەیرانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێویستە کارمەندەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا خەڵکی پسپۆر و خاوەن بڕوانامەی تایبەتمەند بن، لەکاتێکدا زۆربەی کارمەندەکانیان بڕوانامە و پسپۆرییەکەیان هیچ پەیوەندییەکانی بەو بوارەوە نییە. بەشێکیان بە واستە دامەزراون یان بۆ فڕۆکەخانەکە گوێزراونەتەوە" .
زەهرە بچاری، کە ئێستا راوێژکاری جێگری یەکەمی پەرلەمانی عێراقە ئاماژەی بەوەکرد: "پرۆژەی یاسای دەسەڵاتی فڕۆکەخانەی مەدەنی لە پەرلەمانی عێراقە لە خولی رابردوودا خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کرا، بەڵام پەکی کەوت، ئەگەر پەسند بکرێ، زۆر لەکێشەکان چارەسەر دەکات".
بەگوتەی زەهرە بچاری، "فڕۆکەخانەی بەغدا زۆر کەموکوڕی تێدایە و مەرجی تێدا نییە، بۆیە مۆڵەتی نییە. بەهۆی نەبوونی مەرجەکان فڕۆکەخانەکە و هێڵی ئاسمانی عێراقی گەشتکردنیان بۆ ئەورووپا لێ قەدەخەکراوە".
فڕۆکەخانەی بەغدا 16 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای بەغداوە دوورە، لە ساڵانی 1979 بۆ 1982 لەلایەن کۆمپانیا فەرەنسی و بەریتانییەکانەوە بە زیاتر لە 900 هەزار دۆلاری ئەوکات دروستکراوە، بۆ مەبەستی مەدەنی و سەربازی دیزاین کراوە.
