رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەچنە نێو وەرزی هاوینەوە و درێژترین رۆژ و کورتترین شەوی ساڵ تۆماردەکرێت.
عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، یەکشەممە، 21ی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ یەکشەممە دیاردەی چوونە نێو وەرزی هاوین روودەدات و کاژێر 11:23 خولەکی پێشنیوەڕۆ بە کاتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات، تێیدا درێژترین رۆژ و کورتترین شەوی ساڵ تۆماردەکرێت."
دوای 21ی حوزەیرانی 2026، کاژێرەکانی رۆژ وردە وردە کەم دەبنەوە تاوەکو دەگاتە کاتی "هاوسەنگبوونی پاییزی" کە بەرەبەیانی رۆژی 23ی ئەیلوولی داهاتوو بێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە رۆژ لە باشووری کوردستان و عێراق دەگاتە 14 کاژێر و هەشت خولەک. کاژێر 04:46 خۆرهەڵات و لە 18:55 خولەک ئاوا دەبێت.
لە 22ـی حوزەیرانەوە رۆژ کورت دەبێتەوە تاوەکو 23ـی ئەیلوول. سالار حاجی عەلی، شارەزای کەشناسی، دوێنێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: ئەم ساڵ وەرزی هاوین 23ـی ئەیلوول کاژێر 03:05ـی بەیانی بەکاتی هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت و هەمان کات وەرزی پاییز دەستپێدەکات.
ماوەی هاوین لەم ساڵدا 93 رۆژ و 15 کاژێرە و بە درێژترین وەرزی ساڵ دادەنرێ.
ئەو شارەزایەی کەشناسی پێشبینی دەکات کە "لە مانگەکانی تەمموز و ئابدا پلەی گەرما زۆر بەرز ببێتەوە و لە بەشێکی ناوچەکان وەک کەرکووک و گەرمیان 48 پلەی سیلیزی تێپەڕێنێ."
کاریگەرییەکانی چوونە نێو هاوینە لەسەر زەوی:
لە نیوەی باکووری گۆی زەویدا:
- لەڕووی گەردوونییەوە وەرزی هاوین دەستپێدەکات.
- درێژترین رۆژ و کورتترین شەوی ساڵ دەبێت.
- پلەی گەرما زیاتر بەرزدەبێتەوە.
لە نیوەی باشووری گۆی زەویدا:
- لەڕووی گەردوونییەوە وەرزی زستان دەستپێدەکات.
- کورتترین رۆژ و درێژترین شەوی ساڵ دەبێت.
- پلەی گەرما دادەبەزێت.
