رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای هورمزگانی ئێران دەڵێ، بەهۆی هێرشێکی ئەمریکاوە دوو کۆگەی ستراتیژیی ئاو لە ناحیەی بەمانی لە سنووری قەزای سیریک بە تەواوی وێرانبوون.
رۆژی چوارشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2026، عەبدولحەمید حەمزەپوور، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای هورمزگان رایگەیاند، ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر ژێرخانەکانی دابەشکردنی ئاو لە قەزای سیریک و لە ئەنجامدا دوو کۆگەی ستراتیژیی ئاو لە ناحیەی بەمانی بە تەواوی وێران بوون.
بە گوتەی حەمزەپوور، توانای یەکێک لە کۆگەکان 500 مەتر سێجا و توانای ئەوی دیکەیان دوو هەزار مەتر سێجا بووە و رۆڵێکی سەرەکییان لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی بەمانی و شاری کوهستەکدا هەیە.
ئەو بەرپرسەی پارێزگای هورمزگان ئاماژەی بەوەشکرد: "پرۆسەی دابەشکردنی ئاو لە تەواوی گوندەکانی بەمانی و شاری کوهستەک وەستاوە."
بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای هورمزگان رایگەیاند، تیمەکانی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی رێگەی جێگرەوە بۆ دابینکردنی ئاو بۆ دانیشتوانی ناوچەکە.
وەک تۆڵەکردنەوەیەک بۆ خستنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکی ئاپاچی سوپای ئەمریکا کە شەوی پێشتر لە ئاسمانی تەنگەی هورمز خرایە خوارەوە، شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی ئەمریکا هێرشیان کردە سەر ئێران.