رووداو دیجیتاڵ
ئامینە مورادی، ژنێکی خەڵکی مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستانە و دارسنەوبەرێکی هێناوە دەڵێت، لە تەنیشت گۆڕی هەڵکەوت عەزیز دەیڕوێنێت.
ئامینە مورادی دەڵێت، هەواڵی گیانلەدەستدانی هەڵکەوت عەزیز خەمباری کردوون، دارسنەوبەرێکی لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هێناوە و دەیەوێ لە تەنیشت گۆڕەکەی بیڕوێنێت بۆ ئەوەی ببێتە سێبەر بۆی، نامەیەکی نووسراویشی پێیە.
ئەم ژنە بەتەمەنە لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید لە ستۆدیۆکانی سلێمانییەوە پێشکێشی دەکات، قسەی کرد و گوتی، "لە مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتووم بۆ بەشداریکردن لە پرسەی هەڵکەوت عەزیز. نامەیەکم هێناوە کچەکەم بۆی نووسیوم. جگە لەوەش دارسنەوبەرێکم هێناوە بۆئەوەی لە تەنیشت گۆڕەکەی بیڕوێنم و ببێتە سێبەری".
ئامینە مورادی لەبارەی ناسینی هەڵکەوت عەزیز دەڵێت: "لە تەلەڤزیۆن بینیومە، کەسێکی بەغیرەت و بەشەرەف بوو. بۆ پرسەی ئەو هاتووم، سەرجەم کوڕ و کچەکانیشم بۆ کۆچی دوایی هەڵکەوت عەزیز خەمبارن، چونکە هەواڵێکی دڵتەزێن بوو بۆمان، بۆیە منیش بە نوێنەرایەتیی هەموویان هاتم بۆ ئەوەی بە کەسوکارەکەی بڵێم، هەڵکەوت عەزیز شەهیدی هەر چوار پارچەی کوردستانە".
دەقی نامەکە:
بەناوی خودای میهرەبان
سڵاوێکی گەرم و پڕ لە رەحمەتی خودای گەورە لە رۆحی پاکی هەڵکەوت عەزیز، رۆڵەی نەمری کوردستانی گەورە. کوڕە هەڵکەوتووەکەی نیشتمانە ماندووەکەم، جلی شەرافەت و رەزا و رەحمەتی خودات لێ پیرۆز بێت، بەرگی ئیمانت پۆشی، کۆچت بەرەو ماڵئاوایی کرد، کۆچت پڕ خێر و رەحمەت بێت، کوڕەکەم. لە خودای مەزن داواکارم ماڵەکەی ئاخیرەتت ئاوەدان بێت، بە مزگێنی و رەزای ئەو زاتە بێ هاوتایە.
لە رۆژهەڵاتەوە وەک دایکێک بەرگی ماتەمینی تۆم پۆشیوە، هاتووم سەرەخۆشی لە خۆم و بنەماڵەکەت و کەناڵی رووداو بکەم، لە مەرگی لەناکاوی تۆ. لەگەڵ داچوونی خۆری ژیانت هەموو کوردێک و هەموو رۆشنبیرێک جلی ماتەمینییان پۆشی و تەرمی ئەم ئازارە قورسەیان لەسەر شان بەرەو گۆڕستانی بێ تۆیی گرتەبەر.
هەڵکەوت، ئەی هەڵۆی بەرزەفڕی ئاسمانی ئازایەتی، هەزاران سڵاو لە رۆحی پاکت بێت، هەموومان دەزانین لە تۆی خۆشەویست، لەو رۆژەوە بەرگی هەواڵت پۆشی، خۆبەخشانە چوویتە گۆڕەپانی هەواڵەکان و بووی بە چرای داگیرساوی رێگەی دانەخراوی دڵە پڕسۆزەکەی کوردستان؛ هاتووم چەپکە گوڵێک لە رۆژهەڵاتەوە بێنم بۆ رووداو بۆ خاڵی نەبوونی رێگە و جێگەکەت، چونکە تۆ چەپکە گوڵی باخی هیوامان بوویت.
دەمەوێ دارنەمامێکی سنەوبەر بەناوی تۆ و کەناڵی رووداو دابنێم، تاوەکو هەموو تاکێکی کورد بزانن، هەڵکەوت سنەوبەری هەڵنەوەریوی وڵاتەکەمانە و هیچ خەزانێک ناتوانێ لە یادمان بباتەوە یادی زێڕینت. کوڕە لێو بە خەندەکەی کوردستان خەزانی خەم زەردەخەنەی شادی لەسەر لێوی هەمووان سڕیەوە. لەگەڵ کۆچکردنی تۆ بۆ وڵاتی بەجێهشتنمان، بەجێتهێشتین. چەند هەواڵێکی سەخت بوو هەواڵی مردنت؛ بەجێتهێشتین و ماڵئاواییت لێ کردین؛ ماڵی قیامەتت بە رەحمی خودا ئاوەدان بێت رۆڵەکەم.
ماڵئاوا هەڵکەوتی ئازیز و نەمر لە ئامانی خودا بیت، کوڕە قارەمانەکەی کەناڵی دڵەکان.