رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت، بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان بۆ وەڵانانی ناکۆکییەکانی نێوانیان، وەڵامی ''ئەرێنی''ـیان بۆ دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی هەبووە. دەشڵێت، وەلانانی بەرژەوەندییە حیزبییەکان، زیاتر لە 90%ـی کێشەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکەن.
رۆژی چوارشەممە، 10-06-2026، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەراوێزی ساڵیادی کۆچی دوایی کەریم شنگالی، وەزیری پێشووتری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی کە لە هەولێر بەڕێوەچوو، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، باسی لە دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و چارەنووسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت کرد.
فازڵ میرانی ئاماژەی بە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی کرد بۆ کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و رایگەیاند، بەشێکی لایەنە سیاسییەکان وەڵامی ئەرێنییان بۆ دەستپێسخەرییەکە هەبووە.
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی گوتی: ''ئەگەر هەموومان کێشەکانی هەرێمی کوردستان بخەینە پێش بەرژەوەندیی حیزبییەوە، زیاتر لە 90%ـی کێشەکانمان چارەسەر دەبن.''
زیاتر لە 19 مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنە براوەکان بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەیانتوانیوە بگەنە رێککەوتنێک بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامی جەژنی قورباندا، بانگەوازێکی ئاراستەی سەرجەم لایەنەکان کرد کە واز لە "خۆخۆری'' بهێنن و دوای جەژن بەیەکەوە دابنیشن. ئەم پەیامە کاردانەوەی خێرای لایەنەکانی لێکەوتەوە و وەک "دەرچەیەک'' بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەم دەبینرێت.