رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندەییەکانی یەکێتی دەڵێت، ئامادەن بۆ نەهێشتنی ناکۆکییەکان لەگەڵ پارتی کۆببنەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ پێکهێنانی حکومەت پەیوەندییان لەگەڵ پارتی هەیە و گفتوگۆ کراو.ە
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-06-2026، دەرباز کۆسرەت رەسووڵ، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەراوێزی پرسەی هەڵکەوت عەزیز لە هەولێر، باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی کرد بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.
بەگوتەی دەرباز کۆسرەت رەسووڵ، یەکێتی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی، دەرگەی کراوەیە، ''بەداخەوە خوا غەزەبی لە سەرکردایەتیی کورد گرتووە و هیوادارین ئەو دەستپێشخەرییەی کە لە جەژنەوە دەستیپێکردووە ئەنجامی هەبێ، چونکە هەموو کوردستان زیان [لە ناکۆکی] دەبینێت و پێویستمان بە تەبایی و رەواییدانە بە دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان.''
وەک ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گوتی، لەنێوان حیزبەکەی و پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت پەیوەندی هەیە و گفتوگۆ کراوە، ''بە بەردەوامی ئامادەین لەگەڵ پارتی کۆببینەوە و ئومێد دەکەین لە داهاتوویەکی نزیکدا رووبدات.''
سەبارەت بە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان یەکێتی و پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت، دەرباز کۆسرەت رەسووڵ رەتی کردەوە کێشەکە تەنیا دابەشکردنی پۆستەکان بێت و دەشڵێت: ''کۆمەڵێک پرسی دیکە هەن و دەبێ چارەسەر بکرێن. ئەگەر کێشەکە هەر پۆست بووایە، لەوانە بوو بە ئاسانی چارەسەر کرابا''.
بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتی کلیلی مانەوەی هەرێمی کوردستان بە ''یەکڕیزی و تەبایی هێز و لایەنە سیاسییەکان'' دەزانێت. ئاماژەی بەوەش کرد: ''چەند جیاوازیمان هەبێ لەنێو هەرێمی کوردستان، پێویستە لێرە چارەسەرییان بکەین و نەیبەینە بەغدا یان هەر شوێنێکی دیکە.''
زیاتر لە 19 مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنە براوەکان بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەیانتوانیوە بگەنە رێککەوتنێک بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامی جەژنی قورباندا، بانگەوازێکی ئاراستەی سەرجەم لایەنەکان کرد کە واز لە "خۆخۆری'' بهێنن و دوای جەژن بەیەکەوە دابنیشن. ئەم پەیامە کاردانەوەی خێرای لایەنەکانی لێکەوتەوە و وەک "دەرچەیەک'' بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەم دەبینرێت.