رووداو دیجیتاڵ ئەگەری زۆرە رۆژی چوارشەممە لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەوانەی بەغدا بکرێ. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی دەڵێ، لەمەودوا لیست زووتر ئامادە دەکرێ و دەنێردرێ. رۆژی دووشەممە، 15ـی حوزیرانی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەگەری زۆرە رۆژی چوارشەممە لیستی مووچەی مانگی حوزەیران و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئایار بنێردرێتە بەغدا". بە گوتەی سەرچاوەکەی رووداو، هەموو ئامادەکارییەکان تەواو بوون. سەرچاوەکە گوتی، بەهۆی ئەوەی سبەی پشووی فەرمییە، رۆژی چوارشەممە لیستەکە لەلایەن شاندێکەوە دەبرێتە بەغدا و رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەکرێ، ئەمەش وەک بەجێگەیاندنی رێکارەکان بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. ئەو سەرچاوەیە باسی لە گۆڕانکارییەک لە کاتی ناردنی لیستەکەدا کرد و گوتی: "لە مانگەکانی رابردوودا لە رۆژانی 20 و 25ـی مانگ لیستەکانمان دەنارد، بەڵام بڕیاردراوە لەمەودوا زووتر رەوانە بکرێن." بۆ مووچەی مانگی رابردوو (ئایار)، لە 27ـی مانگەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە کرا و تاوەکو 29ـی ئایار سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەکانیان وەرگرت.