رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبوونەوە؛ لە دیدارەکەدا جەخت لە پێویستیی بەردەوامیی دیالۆگی هەولێر و بەغدا کرایەوە و پێشوازیش لە رێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران کرا بۆ چەسپاندنی ئارامی لە ناوچەکەدا.
رۆژی دووشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد. بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی بەریتانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و دۆخی سیاسیی وڵات تاوتوێکراون.
لە کۆبوونەوەکەدا کۆنسووڵی گشتیی بەریتانیاش لە هەرێمی کوردستان ئامادە بوو. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: پرسی پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵی عێراق باسکرا و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی "هەماهەنگیی هێزە سیاسییەکان" کردەوە بۆ پاراستنی سەقامگیری و سەروەریی وڵات.
سەبارەت دۆخی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق بیروڕایان گۆڕییەوە و جەختیان لە هەوڵەکان بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان کردەوە. هەروەها هەردوولا هاوڕابوون کە دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان پێویستە.
وەکو سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان باسی کردووە، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوون بە پێشهاتە هەرێمییەکان. سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی بەریتانیا خۆشحاڵیی خۆیان بە راگەیاندنی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران دەربڕی و هیوایان خواست ئەو هەنگاوە ببێتە سەرەتایەک بۆ ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا و کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان بە رێگەی ئاشتییانە.