رووداو دیجیتاڵ
ئێوارهی ئەمڕۆ سێشەممە 16-06-2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگهڵ مهزڵووم عهبدى، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبووهوه.
لە کۆبوونهوهکهدا، بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، "دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی سووریا و ناوچەکە، دۆخی كورد و پێكهاتهكان لهو وڵاته، ههوڵهكان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، لێکگەیشتنی نێوان لایەنە کوردییەکان و ههماههنگى و هاريكارى لهگهڵ ديمهشق، تاوتوێ کران."
وەکو لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیدا هاتووە، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگ، پاراستنی سەقامگیری و دابینکردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا کردەوە.

هەروەها بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر و پەرەپێدانی هەماهەنگی لەپێناو پاراستنی ئارامیدا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونهوهكه بوو، ئەمەش بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.
هاوکات پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 16-06-2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی هاوبەشى لەگهڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سهرۆكى ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئهنجام دا.
لە کۆبوونەوەکەدا، بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، "دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و دۆخى سووریا و هاريكاريى كورد و ديمهشق تاوتوێ کران."
بەپێی راگەیێندراوەکە، "نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا جەختی لە بەردەوامیی پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ کێشەکان له سووريا کردەوە."