رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی عێراق گەیشتە هەرێمی کوردستان و ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، شاندەکە بۆ دانانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە کێڵگە نەوتییەکان سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
شاندەکە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ی حوزەیرانی 2026 گەیشتووە، لەلایەن فەریق روکن سەعد عەلی عاتی، یاریدەدەری سوپاسالاری عێراق بۆ کاروباری ئۆپەراسیۆنەکان سەرۆکایەتی دەکرێ و ئامانجی سەردانەکەش بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی عێراق روونکراوەتەوە، "بۆ دابینکردنی پاراستنی ئاسمانیی دامەزراوە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانە".
شاندەکە لەلایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێکرا و دواتر بەرەو کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێکەوتن.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شاندەکە تەکنیکییە، بۆ دانانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە کێڵگە نەوتییەکان سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و هەموو کێڵگە نەوتییەکان بەسەر دەکەنەوە و بەشێوەیەکی مەیدانی لە پێیویستیان دەکۆڵنەوە."
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد: سیستمی بەرگریی ئاسمانیییەکە، ئەمریکییە، ویلایەکگرتووەکانی ئەمریکا دەیداتە عێراق و حکومەتی عێراقیش رادەستی هەرێمی کوردستانی دەکات بۆ ئەوەی لە کێڵگە نەوتییەکان دابنرێت و پارێزگاری لەو کێڵگانە بکات.
هەر لەوبارەوە، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو شاندە تەکنیکییە سەردانی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و راپۆرتی خۆیان بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرزدەکەنەوە، بەمەبەستی گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و دانانی سیستمی بەرگری ئاسمانی و دژە درۆن لەو کێڵگانە".
هەروەها بە گوتەی شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، "بڕیارە لە هەفتەی داهاتووەوە کۆمپانیاکانی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست بەرهەمهێنان و زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بکەنەوە و لە قۆناخی یەکەمدا نزیکەی 200 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رەوانەی بەندەری جەیهانی تورکیا بکرێت و دواتر بەگوێرەی توانا بڕەکەی زیاد دەکرێت".
ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاند، رۆژی دووشەممەی رابردوو، باسم محەممەد خزەیر عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق، نووسراوی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە لەبارەی پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان.
رۆژی یەکشەممە، 14ی حوزەیرانی 2026، فەریق روکن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای سەربازی گەیشتە هەولێر و بابەتی سەرەکیی چۆنیەتیی پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بوو.
هەموو ئەمانەش دوای ئەوە دێت کە رۆژی 03-06-2026، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەریی نوێنەرانی کۆمپانیاکانی نەوت سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆبوونەوە؛ مژاری سەرەکیی کۆبوونەوەکە پرسی نەوت، زیادکردنی بەرهەمهێنان، زیادکردنی هەناردەکردن و گەرەنتیی پاراستنی کۆمپانیاکانی نەوت بوو.
کۆمپانیاکانی نەوتی هەرێمی کوردستان داوای گەرەنتیی پاراستنیان کردبوو بۆ ئەوەی دەست بە زیادکردنی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت بکەنەوە لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە و سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندیی لەسەر داواکەیان دەربڕیبوو لەو سۆنگەیەوە هەنگا و رێکارەکان دەستیانپێکرد.
