رووداو دیجیتاڵ دوای چەندین رۆژ لە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی جووتیارانی کورد و تورکمان، شاندێکی باڵای حکومەتی عێراق گەیشتە کەرکووک و بڕیاری دا تەواوی گەنمی جووتیارانی پارێزگاکە وەربگرێت. بەڵام جووتیاران رایدەگەیێنن کە هێشتا کێشەی جیاوازیی نرخ و کەمکردنەوەی نرخ لەم قۆناخــەدا چارەسەر نەکراوە. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە جووتیارانی کورد و تورکمان هەڕەشەی داخستنی سایلۆکانیان کرد، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە رەتکردنەوەی بەرهەمی ئەو زەوییانەی کە لە سەردەمی رژێمی بەعسدا دەستیان بەسەردا گیرابوو و بە "ئیستیملاک" ناسراون. محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە رۆژی پێنجشەممە خۆپێشاندانمان کرد و داواکارییەکانمان پێگەیاندن کە ئەگەر لە ماوەی 3 رۆژدا جێبەجێ نەکرێن، رۆژی یەکشەممە رێگەی بەردەم سایلۆکان دادەخەین." بە گوتەی ئەو، دوای هەڕەشەکەیان، لێژنەیەکی باڵا لەلایەن سەرۆکوەزیران (عەلی زەیدی)ـیەوە سەردانی کەرکووکی کرد و بڕیاری وەرگرتنی تەواوی گەنمەکەی دا. کێشەی زەوییە "ئیستیملاک"کراوەکان دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی بەعەرەبکردنی ناوچەکە لە ساڵانی 1970کاندا. محەممەد ئەمین گوتی: "ئەو زەوییانە بە غەدر لە جووتیارانی کورد و تورکمان زەوتکراون. حکومەتی نوێی عێراقیش دوای 23 ساڵ هێشتا کێشەکەی چارەسەر نەکردووە و یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی بۆ خاوەنە رەسەنەکانی جێبەجێ نەکردووە." سەرەڕای چارەسەرکردنی کێشەی وەرگرتنی گەنم، جووتیاران هێشتا کێشەی سەرەکییان لەگەڵ نرخدا هەیە. نوێنەری جووتیاران گوتی: "نرخەکە پارساڵ 850,000 دینار بوو، بەڵام ئەمساڵ کردیانە 700,000 دینار. ئێمە داوا دەکەین نرخەکە وەک خۆی لێ بکرێتەوە و چیدیکە مافی جووتیاران فەرامۆش نەکرێت." لەلایەکی دیکەوە، ئەندازیار زوهێر عەلی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک، دڵنیایی دا لەسەر توانای وەرگرتنی بەرهەمەکە و رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا نزیکەی 260,000 تۆن گەنم وەرگیراوە و پێشبینی دەکەین نزیکەی 250,000 بۆ 300,000 تۆنی دیکەش مابێت، کە کۆی گشتی دەگاتە نزیکەی 560,000 تۆن. توانای کۆگاکردن لە کەرکووک بۆ وەرگرتنی ئەم بڕە ئامادەیە."