رووداو دیجیتاڵ
لەژێر چاودێری و بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئاهەنگی دەرچوونی خولی 5ی پێگەیاندنی خوێندکاران لە کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان لە پارێزگای سلێمانی بەڕێوەدەچێت، تێیدا 210 خوێندکار پلەی ئەفسەری وەردەگرن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی حوزەیرانی 2026، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک خوێندکار پلەی ئەفسەرییان پێدەبەخشرێت، کە ماوەی 9 مانگ لە مەشق و راهێنانی چڕدا بوون.
سەرجەم بەشداربووانی خولەکە کوردن و خەڵکی شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانن. یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی بەشداربوون لەم خولەدا، هەبوونی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بووە لە بوارە جیاجیاکاندا.
بەشداربووانی ئەم خولە پێشتر لە هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی کوردستان دا خزمەتیان کردووە و بەسەر وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگەدا دابەشبوون. لە کۆی 210 دەرچووەکە، 56 خوێندکاریان سەر بە هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتنن لە وەزارەتی ناوخۆ، هەروەها 154 خوێندکاریشیان سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن، کە 131یان لە هێزەکانی 70ن.
بڕیارە دوای وەرگرتنی پلەکانیان، سەرجەم ئەفسەرە نوێیەکان بگەڕێنەوە بۆ شوێنی کارەکانی پێشوویان و وەک ئەفسەر دەستبەکاربن.
ئەم خولە تایبەت بووە بە رەگەزی نێر و هەموویان پڕۆسەی راهێنان و پێگەیاندنی سەربازییان بە سەرکەوتوویی بڕیوە، کە ئامانج لێی بەهێزکردنی تواناکانی هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانە بە کادیری ئەکادیمی و خاوەن بڕوانامە.