رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی لە یادی 50 ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو شۆڕشە قۆناخێکی گرنگ و چارەنووسسازی خەباتی گەلی کوردستان بوو، کە بۆ هەموو لایەکی سەلماند ئیرادەی گەلی کوردستان هیچ کاتێک ناشکێت.
رۆژی سێشەممە، 26ـی ئایاری 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامەکەیدا گوتی، شۆڕشی گوڵان درێژکراوە و هەڵگری پەیام و ئامانجەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو؛ ئاماژەی بەوەش کرد ئەگەر لە قۆناخێکدا خەباتی گەلی کوردستان بۆ ماوەیەکی کورت تووشی وەستان هاتبێت، "بەڵام گەلەکەمان بۆ گەیشتن بە ئامانجە پیرۆزەکانی، بە ئومێد و هێزێکی تازەوە لە تێکۆشان بەردەوام بووە".
سەرۆک بارزانی باسی لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی شۆڕشەکە کرد و گوتی: "شۆڕشی گوڵان سەرکەوتنی بەدەستهێنا، چونکە پشتی بە قارەمانێتیی پێشمەرگە، خۆڕاگریی جەماوەر، رێکخستنێکی بەهێز و دروشم و ئامانجی روون بەستبوو."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی پێزانینی خۆی بۆ جەماوەری کوردستان و "تەواوی ئەو تێکۆشەر، پێشمەرگە و نیشتمانپەروەرانە دەربڕی کە لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان رۆڵێکی قارەمانانەیان لەو شۆڕشەدا هەبووە و مێژوویەکی پڕ لە شانازییان بۆ گەلەکەیان تۆمار کردووە".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی سڵاوی بۆ گیانی یەکەم شەهیدی شۆڕشی گوڵان (شەهید سەید عەبدوڵڵا حاجی ئۆمەرانی) و سەرجەم شەهیدانی کوردستان نارد و جەختی لەوە کردەوە "ئازادی و دەستکەوتەکانی ئێستای گەلەکەمان، بەرهەمی خوێنی شەهیدان و رەنجی دڵسۆزانی سەرجەم شۆڕشەکانی گەلی کوردستانە".
