رووداو دیجیتاڵ
هەشت گەنجی هەرێمی کوردستان، کە زۆربەیان خەڵکی دەڤەری راپەڕینن، ماوەی 72 رۆژە لە لیبیا لەلایەن "باندێکی مافیا"وە دەستبەسەر کراون و لە بەرامبەر ئازادکردنیان داوای هەزاران دۆلار دەکرێت. باندەکە هەڕەشەی ئەوەیان کردووە، ئەگەر پارەکەیان بۆ نەنێردرێ، ئەندامانی جەستەی گەنجەکان دەفرۆشن.
بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "هەشت گەنجی هەرێمی کوردستان، کە حەوتیان خەڵکی دەڤەری راپەڕینن و یەکێکیان خەڵکی شارەزوورە، کەوتوونەتە دەست باندێکی مافیا و لە تەرابلوسی پایتەختی لیبیا دەستبەسەر کراون."
بە گوتەی بەکر عەلی، باندەکە کە پێکهاتوون لە چەند کەسێکی سووریایی، رێگەیان نەداوە گەنجەکان پەیوەندی بە کەسوکاریانەوە بکەن و لە رێگەی دەڵاڵێکەوە لە دەڤەری راپەڕین، داوای بڕی 5 بۆ 6 هەزار دۆلاریان بۆ هەر گەنجێک کردووە. سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان دەڵێت، "باندەکە بە گەنجەکانیان گوتووە، ئەگەر ماڵباتەکانیان پارەکە نەدەن، ئەندامانی جەستەیان دەفرۆشن."
هیوا ئەحمەد، برای دووان لەو گەنجانەیە کە بێسەروشوێنن. ئەو لە بەرنامەی (بەرپرسیار) باسی لەوەکرد، کە دوو براکەی بە ناوی ئەنەس و عەبدوڵڵا کە تەمەنیان 20 و 21 ساڵانە، لە 14ی مانگی 3ـی ئەم ساڵەوە بێسەروشوێنن، کاتێک ویستوویانە لە لیبیاوە بەرەو ئیتاڵیا بپەڕنەوە.
هیوا ئەحمەد، گوتی: "بۆ هەر گەنجێک 14 هەزار دۆلارمان لە نووسینگە خەواندووە بۆ قاچاخچییەکان کە خەڵکی سنووری خۆمانن لە راپەڕین، جگە لە خەرجیی 1500 دۆلار بۆ هەر یەکێکیان بۆ تکت و ڤیزا."
وەک برای دوو لە گەنجە بێسەروشوێنبووەکان باسیدەکات، کەسوکاری گەنجەکان لەگەڵ قاچاخچییەکە قسەیان کردووە، بەڵام قاچاخچییەکە گوتوویەتی، "زەمانەتی ئەوە دەکەین کە نەمردوون، بەڵام نازانین لە کوێن."
هیوا ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد، کەسێکی عەرەبی بەڕەگەز سووری لە لیبیاوە پەیوەندیی پێوەکردوون و گوتوویەتی، "بۆ ئازادکردنی هەر گەنجێک 6 هەزار دۆلارم دەوێت،" بەڵام لەبەر ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی نەبووە کە گەنجەکان لای ئەون، متمانەیان پێنەکردووە.
ئەحمەد سەحاف، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، لە (بەرپرسیار) گوتی، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا 352 کۆچبەری عێراقییان گەڕاندووەتەوە کە زۆربەیان خەڵکی راپەڕین و قەڵادزێ بوون.
سەحاف گوتیشی، "ماوەی دوو هەفتەیە لەگەڵ لایەنە فەرمییەکانی لیبیا بەدوای کۆمەڵێک کۆچبەری بێسەروشوێنبوودا دەگەڕێین و تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێک نییە."
کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق هۆشداریی دایە خێزانەکان و رایگەیاند، "بۆچی رێگە دەدەن رۆڵەکانتان پەنا بۆ مردن ببەن و پاڵپشتیی داراییان دەکەن بۆ ئەوەی بکەونە دەستی باندەکانی مافیا و قاچاخچییەکان؟"
ئەو دووپاتیکردەوە کە باڵیۆزخانە کەمتەرخەمی ناکات و هەوڵەکانیان بەردەوام دەبێت بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی ئەو کۆچبەرانە و لەوبارەوە هاوئاهەنگییەکی پتەویان لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە.