رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر راگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ تەرمی ئافرەتێک بە سووتاوی لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا لە سنووری پارێزگای هەولێر دۆزرایەوە، پۆلیسیان لێ ئاگادارکردووەتەوە. پۆلیسی هەولێریش دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە.
رۆژی یەکشەممە، 14ـی حوزیرانی 2025، مقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 07:00ـی بەیانی لە رووداوی سووتانی ئۆتۆمبێلێک ئاگادار کراینەوە، کاتێک تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە لای بەحرکە، هەندێک ئاگر مابوو و کوژاندمانەوە."
هوتەبێژی بەرگریی شارستانیی ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی ئەوەی هەستیان کردووە رووداوەکە گومانی "تاوانکاری" لێدەکرێت، پۆلیسیان لە بابەتەکە ئاگادار کردووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "کاژێر 06:00ـی بەیانی ئەمڕۆ، تەرمی ئافرەتێک بە ناوی (د. ک. م) بە سووتاوی لەناو ئۆتۆمبێلێکدا لە سنووری ناحیەی دارەشەکران دۆزراوەتەوە."
پۆلیسی هەولێر دەڵێت، کە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستی پێکردووە؛ راپۆرتی تیمی لێکۆڵینەوەی بەڵگەکانی تاوان و راپۆرتی پزیشکی دادی دەخرێتە بەردەست دادوەری لێکۆڵینەوە، بۆ زانینی هۆکاری راستیی رووداوەکە و گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان.