رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، دوو باندی "مەترسیدار"یان دەستگیرکردووە، کە ئافرەتانیان هەڵخەڵەتاندووە و بە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆیان پارە و زێڕیان لێوەرگرتوون.
راگەیێندراوەکەی پۆلیس شەوی دووشەممە بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە: "دوو باندی مەترسیداری پەیوەست بە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەستگیر کران، کە کاریان هەڵخەڵەتاندن و فریودانی سەتان ئافرەت بووە و پاشان لە ژێر گوشاری هەڕەشەکردن و ناوزڕاندن و بڵاوکردنەوەی وێنە و نهێنییەکانیان، زێڕ و پارەیەکی زۆریان لێ سەندوون".
پۆلیسی هەولێر ناسنامەی تۆمەتبارەکانی بڵاو کردووەتەوە کە بەمشێوەیەیە:
- باندی یەکەم: پێکهاتوون لە دوو کەس بە ناوەکانی (سوهەیب لەزگین ئەحمەد) لەدایکبووی ساڵی 1996 و (باوەڕ شێرزاد حەمەئەمین) لەدایکبووی ساڵی 2004 و دانیشتووی شاری سۆران.
- باندی دووەم: پێکهاتوون لە سێ کەس بە ناوەکانی (سامان سەعدوڵڵا حەمەد مستەفا) لەدایکبووی 1993 دانیشتووی قەزای کۆیە. (مزەفەر محەممەد عەزیز) لەدایکبووی ساڵی 1985 دانیشتووی شاری هەولێر و (پاڤێڵ جەبار ئەحمەد عەبدوڵڵا) لە دایکبووی ساڵی 1994 دانیشتووی شاری سۆران".
پۆلس بە ڤیدیۆ دانپێدانانی تۆمەتبارەکانی بڵاوکردووەتەوە. سوهەیب لەزگین ئەحمەد یەکێک لە تۆمەتبارەکان لە ڤیدیۆکەدا دەڵێت: "پێش چەند ساڵێک دوو ئەکاونتم لە سناپ چات و تیکتۆک بەناوی دکتۆر سوهەیب و سەرهەد بارزانی دروستکرد، بۆ ئەوە دروستمکردن پەیوەندی لەگەڵ ئافرەتان دروستبکەم و لەگەڵ سەتان ئافرەت پەیوەندی سۆزداریم دروستکرد، ڤیدیۆی نەشیاوم کەوتە دەست و هەڕەشەم دەکرد، ئەگەر پارەم پێ نەدەن ڤیدیۆکەیان بڵاودەکەمەوە یان بۆ کەسوکاریان دەنێرم، لەم رێگەیەوە چەندین پارەم بەدەستهێناوە".
پۆلیس داوا لە هاونیشتمانیان دەکات، هەرکاتێک بە هۆکاری هاوشێوە هەڕەشەیان لێکرا، راستەوخۆ دەزگا ئەمنییەکان ئاگادار بکەنەوە.
