رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان ئاماری خنکانی ئەم ساڵی بۆ رووداو ئاشکرا کرد. بەپێی ئامارەکە، تاوەکو ئێستا 29 کەس لە هەرێمی کوردستان خنکاون و زۆرترین رووداویش لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بووە.
رۆژی چوارشەممە 17ی حوزەیرانی 2026 سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم ساڵ 29 رووداوی خنکان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. لەو ژمارەیە تەرمی 28 کەسیان دۆزراوەتەوە، بەڵام تەرمی یەک خنکاو تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە."
لەبارەی ئەو تەرمەی کە هێشتا بێسەروشوێنە، سەرکەوت کاڕەش گوتی، "تەرمەکە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەیە و گەڕان بەدوایدا بەردەوامە."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی ئاماژەی بەوە کرد، هۆکاری سەرەکیی رووداوەکان بۆ "کەمتەرخەمی، نەزانینی مەلەوانی و پابەند نەبوون بە رێنماییەکان" دەگەڕێتەوە. گوتیشی، "لە هەموو شوێنەکان تابلۆی هۆشداریمان داناوە، بەڵام خەڵک پابەند نابن."
بەپێی داتای فەرمی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، دابەشبوونی 29 رووداوەکەی خنکان بەم شێوەیە:
زاخۆ: 8 کەس
هەولێر: 7 کەس
سۆران: 4 کەس
هەڵەبجە: 3 کەس
سلێمانی: 3 کەس
دهۆک: 2 کەس
راپەڕین: 1 کەس
گەرمیان: 1 کەس
کۆی گشتی: 29 کەس
