رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی زانایانی ئایینیی هەرێمی کوردستان ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە، بۆفیەی کراوە لە چێشتخانە و رێستۆرانتەکان حەرام بێت. گوتەبێژەکەیان دەڵێت، "شتێکی ئاساییە و دەبێ زێدەڕۆیی نەکرێ".
بۆفیەی کراوە لە بەشێکی رێستۆرانت و چێشتخانەکانی هەرێمی کوردستان هەن، کە کەسێک بڕێک پارە دەدات و لەبەرامبەردا ئەوەی خۆی بیەوێت لە خواردن و بڕەکەی دەتوانێت بێسنوور بیخوات.
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆفیەی کراوەی شتێکی ئاساییە و حەرام نییە، چونکە چێشتخانە و رێستۆرانتەکان خۆیان دەڵێن بۆفیە کراوەیەوە و نرخەکەشیان دیاریکردووە، کەوایە خەڵک بە ئارەزووی خۆی دەڕوات".
مامۆستایەکی ئاینی بە ناوی کامەران خۆشناو لە وەڵامی پرسیارێکدا کە بە ڤیدیۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت لەبەر ئەوەی نرخی ئەو خواردنەی لە بۆفیەی کراوە دەخورێت دیار نییە، بۆیە حەرامە.
گوتەبێژی یەکێتیی زانایان گوتی: "گرنگە خەڵکی کوردستان ئەوە بزانێت، کە فتوادان تەنیا کاری ئەنجوومەنی باڵای فەتوای یەکێتی زانایانە، هەر کەسێک قسە لەسەر بابەتێک بکات ئەوە فەتوا نییە و بۆچوونی خۆیەتی".
گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی دەڵێت: "پێویستە کەسێک کە دەچێتە شوێنێک بۆفیەی کراوەیە بەشێوەی ئاسایی و لەچوارچێوەی نەریتی گشتیی زێدڕۆیی لەخواردنەکەدا نەکات، بۆ ئەوەی لێی نەمێنێتەوە و فڕێ بدرێ، چونکە زیدەڕۆیی نەوەکو لە چێشتخانە، بەڵکو لە هەمووشتێکدا بەگوێرەی شەرع ناپەسەندە و گوناهە".
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەو کەسەی لەو جۆرە چێشتخانانەی بۆفیە کراوەن نان دەخوات، گرنگە رەچاوی رێنمایی چێشخانەکە بکات، بۆ نموونە؛ ناکرێ لەسەر حیسابی بۆفیەی کراوەی خۆی خواردن بداتە کەسێکی دیکە، کە پارەی نەداوە، چونکە ئەمە کارێکی دروست نییە".
.jpg&w=3840&q=75)