رووداو دیجیتاڵ
لەکاتی ئامادەکردنی خواردنی جەژندا، ئاگر لە ماڵێکی گەڕەکی گربداخی قەڵادزێ کەوتەوە؛ بەهۆیەوە ماڵەکە بە تەواوی سووتا و ئەندامێکی خێزانەکەش بریندار بوو.
رۆژی چوارشەممە 27ی ئایاری 2026 دلاوەر ساڵح، ئەنجوومەنی گەڕەکی گربداخ لە قەڵادزێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رووداوەکە بەیانیی ئەمڕۆ بووە لە کاتێکدا بووە کە کچی خێزانەکە سەرقاڵی ئامادەکردنی خواردنی جەژن بووە، بەهۆی لێچوونی بتڵی غازەوە ئاگرەکە کەوتووەتەوە و بەو هۆیەوە هەموو کەلوپەلی ماڵەکە سووتاوە و هیچیان بۆ دەرنەچووە."
لەبارەی زیانەکانی ئاگرەکە، ئەنجوومەنی گەڕەکەکە گوتی، لە کاتی رووداوەکە سێ کەس لە ناو ماڵەکەدا بوون، یەکێکیان کە کوڕی خێزانەکەیە بریندار بووە.
دلاوەر ساڵح باسی لە بارودۆخی دارایی ئەو خێزانە کرد و گوتی، "ئەو خێزانە کەمدەرامەتن و ئێستا پێویستیان بە هاوکاریی هەیە و باوکیان (پیاوی ماڵەکە) دەمێکە نەماوە. داوا لە خێرخوازان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین بە هانایانەوە بچن بۆ ئەوەی بتوانین خانووەکەیان بۆ نۆژەن بکەینەوە."
ئاگرەکە زیانی زۆری بە ماڵەکە گەیاندووە و سەرجەم کەلوپەلەکانی نێوی بوونەتە خۆڵەمێش.